دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی لە زیادبوونەوەی چالاکییەکانی داعش دەدات و ڕایدەگەینێت؛ دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون، هێشتا ناجێگیرە و داعش هێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “لە ساڵی 2014ـەوە، کاتێک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کەوتنە دەست تیرۆریستانی داعش، ئەو رێکخراوە جۆرەها تاوانی مرۆیی و جەنگی ئەنجامدا، وەک کوشتنی بەکۆمەڵ، کردەوەی تیرۆریستی و جینۆساید، لەپاڵ ئاوارەکردنی هەزاران خێزان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان”.
زێباری روونیکردەوە، ئەو پێشێلکارییانە قەیرانێکی گەورەی دروستکردووە و پێویست بوو حکوومەتی عێراق لەبەرامبەریاندا دادگایەکی تایبەتمەند دابمەزرێنێت بۆ ناساندنی ئەو تاوانانە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، جگە لە دادگاییکردنی سەرکردەکانی داعش کە تێیدا تێوەگلاون.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەو ناوچانە، زێباری ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون، هێشتا ناجێگیرە و داعش هێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە. رێژەیەکی زۆری دانیشتووانە رەسەنەکەی کە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون، تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، هاوکات ئەو ناوچانە بەدەست نەبوونی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بۆشاییەکی ئەمنیی بەرچاوەوە گرفتارن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، هۆشداریی دا لە مەترسیی جددیی گەڕانەوەی چالاکییەکانی داعش، بەتایبەت لەگەڵ کشاندنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و ڕایگەیاند؛ ئەم دۆخە مەترسییەکی راستەقینەی بەردەوامی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروستکردووە.
سەبارەت بە شنگال، زێباری رایگەیاند، رێککەوتنێک بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا واژۆ کراوە بۆ ئەوەی ناوچەکە بکرێتە ناوچەیەکی یاسایی کە لەژێر کۆنترۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێت. واقیعەکە ئاماژەیە بۆ کۆنترۆڵی هێزێکی چەکداریی نەناسراو کە کاروباری ناوچەکە بەڕێوەدەبات و بڕیار لەلایەن لایەنی نادیارەوە دەردەکات.
دیندار زێباری ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ناوچەکە بە بێ گۆڕانکاری ماوەتەوە، نە ئاوەدان کراوەتەوە و نە ئاوارەکانیش بۆ ماڵەکانی خۆیان گەڕاونەتەوە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە دیارترین ئەو لایەنانەی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش قوربانیی داوە و هێزەکانی پێشمەرگە بە بوێرییەوە بەرگرییان لێکردووە. هەرێم ئەم دواییانە زۆرترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە سێبێری ململانێ هەرێمایەتییەکانەوە بەخۆوە بینیوە کە لە ناوچە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدراون و بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان لە کوردستان زیانی گیانی و ماددیی گەورەیان پێ بگات.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم ئەو بەرپرسیارێتییانە دەکەونە ئەستۆی حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر و وڵات و هاووڵاتییان و هەرێمی کوردستان لەو مەترسییە گەورانە بپارێزێت.

