رۆژنامەی ھەولێر

گەنجێکی کورد بڕوانامەی نێودەوڵەتیی لێخوڕینی فڕۆکەی بەدەست هێنا

فەیسەڵ شێخانی – هه‌‌ولێر

بڕوانامەی (ATPL) كورتكراوەی (Airline Transport Pilot License)ـە، كە دەكاتە “مۆڵەتی فڕۆكەوانیی هێڵی ئاسمانی”، لەلایەن گەنجێكی كوردەوە بە دەست هێنرا.

ئەم بڕوانامەیە بە بەرزترین ئاستی مۆڵەتی فڕۆكەوانی دادەنرێت كە فڕۆكەوانی مەدەنی دەتوانێت لە دنیادا بەدەستی بهێنێت. هەر كەسێك ئەم مۆڵەتە بەدەست بهێنێت، لە ڕووی یاساییەوە شایستە دەبێت بۆ لێخوڕینی فڕۆكە گەورەكان، وەك كاپتن یان یاریدەدەری فڕۆكەوان (First Officer) لە هێڵە ئاسمانییە گەورەكاندا.
جودی تەیار ئەو گەنجەیە و بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی، گرنگترین تایبەتمەندییەكان و مەرجەكانی مۆڵەتی (ATPL)، بەرپرسیارێتیی سەركردایەتییە و مافی تەواوت پێ دەدات بۆ سەركردایەتیكردنی فڕۆكە گەورەكان، كە بزوێنەری جێت یان تورباینیان هەیە و بۆ گواستنەوەی سەرنشین یان بار لە سەرانسەری دنیادا بەكار دێن.
روونیشی كردەوە كە بەدەستهێنانی ئەو مۆڵەتە، بەشێوەیەكی گشتی پێویستی بە تێپەڕاندنی تاقیكردنەوەی قورسی تیۆری هەیە وەك نەویگەیشنی پێشكەوتوو، كەشوهەوا، سیستمی فڕۆكە و یاساكانی فڕۆكەوانی، لەگەڵ كۆكردنەوەی كەمترین سەعاتەكانی فڕین بە زۆری ١٥٠٠ سەعاتی فڕینی باوەڕپێكراو، بەپێی ستانداردەكانی ڕێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی (ICAO) یان دەزگاكانی وەك (FAA) و (EASA).
باسی لەوە كرد كە جیاوازیی ئەو مۆڵەتە لەگەڵ مۆڵەتی (CPL) مۆڵەتی فڕۆكەوانیی بازرگانی، ڕێگەت پێ دەدات وەك فڕۆكەوان كار بكەیت و مووچە وەربگریت، بەڵام بەزۆری سنووردارە بە فڕۆكەی بچووكتر یان وەك یاریدەدەر، لە كاتێكدا (ATPL) مەرجی سەرەكییە بۆ ئەوەی ببیت بە “كاپتنی فڕۆكە” لە هێڵە ئاسمانییە گەورەكاندا.