حەسەن حەمەد ئاندیکی – هەولێر
ساڵانە لە هەرێمی کوردستاندا لە شەشی ئۆکتۆبەردا بە رێزەوە یادی رۆژى مامۆستایانى کوردستان دەکرێتەوە، هەر لەم روانگەیەوە (هەینى قادر خضر) نوسەری بواری پەروەردە و مێژوو، خاوەنی شەش پەرتووکی چاپکراو لە بواری پەروەردە و مێژوودا، هاوکات سەرۆکى لیستى زەرد لە لقى هەولێری یەکێتى مامۆستایانى کوردستان و سەرۆکى لق بە (تەناوب)، لە دیمانەیەکی رۆژنامەی “هەولێر”ـدا تیشکی خستە سەر 6ى ئۆکتۆبەر رۆژى مامۆستایانى کوردستان و، رۆڵی مامۆستایان لە پێشخستنی پەروەردە و نیشتمانپەروەریدا، کێشەوگرفتەکانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستاندا.
بۆچى 6ى ئۆکتۆبەر بە رۆژى مامۆستایانى کوردستان دیاری کرا؟
دیاریکردنى رۆژى شەشى تشرینى یەکەم بە رۆژى مامۆستایانى کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بڕیار و پێشنیارەکانى کۆنگرەى نۆیەمى مامۆستایانى کوردستان کە بە کۆنگرەى (یەکگرتن)یش ناسراوە کە لە رۆژانى (6-8) مانگى 10ى 1992 لە هۆڵى میدیاى شارى هەولێر بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا لە لایەن لیژنەى بڕیار و پێشنیارەکانى 17 بڕیار و پێشنیار خرانە روو، ئەمە یەکێک بوو لەو حەڤدە بڕیار و پێشنیارەى کۆنگرە، ئیتر ئەو رۆژە بە رۆژێکى گرنگ دانرا لە مێژووى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان چونکە دواى دابرانێکى زۆر ئەم یەکگرتنەوەى مامۆستایان دروست بوو لەبەر ئەوە بە پێوست زانرا مامۆستایانى کوردستانیش هاوشێوەى مامۆستایانى جیهان و دەوروبەر رۆژێکیان هەبێ کەدەربرى تێکۆشان و خەباتى پیشەیییان بێت لەسەر ئەم پێشنیارە هەموو لایەک رێکەوتن کە رۆژى 6ى تشرینى یەکەم بکرێت بە رۆژى مامۆستایانى کوردستان و، ساڵانەش لەم رۆژەدا یاد بکرێتەوە و زیندوو بکرێتەوە، چونکە رۆژى یەکگرتن و تێکەڵبوونەوەى لایەنە جیاوازەکانى مامۆستایانى کوردستانە.
کۆنگرەى (ی. م. ک) لە ساڵى 1992 چ رۆڵێکى لە دیاریکردنى ئەم رۆژە هەبوو؟
لە راستیدا کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە، هەر لە کۆنگرەدا دەتوانرێت گۆڕانکارییە ریشەییەکان بکرێت و بڕیار و راسپاردەکان لە بەرژەوەندى مامۆستایان بدرێت، چونکە دەنگى نوخبەى هەڵبژێدراوى مامۆستایانى کوردستانە، هەروەها راوبۆچوونى پەسندکراوى زۆرینەى بەشداربوانى کۆنگرەیە لەبەر ئەوە کۆنگرە رۆڵى یەکلاکەرەوەى هەیە لەسەر زۆربەى بڕیار و راسپاردە و بەرنامەى نوێی یەکێتى مامۆستایانى کوردستان.
مامۆستا لە مێژووى نوێی کوردستان چ رۆڵێکى لە پەروەردە و ناسنامەى کوردستان هەیە؟
لاى هەموومان ئاشکرایە مامۆستا گرنگترین توێژى کۆمەڵگایە بە تایبەتى لە کۆمەڵگاى کوردستان کە بەدرێژایی مێژوو جەور و ستەمى زۆرى دیوە لە ژێر کاریگەرى سیاسەتى داگیرکەران، ئەمە واى کردووە هەمیشە توێژى مامۆستایان جێی ئومێدبن چونکە توێژیکى هۆشیار و دڵسۆزن و خاوەن پەیامێکى رووناک و پڕمەعریفەن، توێژێکى وەها هەڵبەتە کاریگەرى راستەوخۆى بەسەر کۆمەڵگادا دروست دەکات و هەمیشە هەوڵدەدات نەوەیەکى هۆشیار و دڵسۆز پێبگەیێنێت تاکو بڕواى بە نیشتمان و نەتەوە و ناسنامەى نەتەوایەتى خۆی هەبێت و، بڕوا و متمانەشى بە خۆى هەبێت، بێگومان مامۆستاى باش بۆ خۆى سەرکردەیە.
چ پێناسەیەکت هەیە بۆ مامۆستا، مامۆستا چۆن خۆشەویستى خاک و نیشتمان لاى قوتابى دروست دەکات؟
مامۆستا چرایە، رێبەرە، پێشرەوى کۆمەڵگەیە، مامۆستاى باش و دڵسۆز و بەوەفا پێشڕەو و سەرکردەى کۆمەڵگایە، هەر مامۆستایە قوتابى فێرى وانەى نیشتمانپەروەرى دەکات؛ تۆمى خۆشویستنى خاک و نیشتمان لە ناخى قوتابیدا دەڕوێنێ، مامۆستاى باش لاى قوتابى گەورەترین مرۆڤە و هێماى ژیان و فێربوونیەتى ئەزموونى خەباتى میللەتان و گۆڕانکارییەکانى جیهان هەمیشە لەسەر دەستى مامۆستا بووە و هەر مامۆستاش پێشرەو و داینەمۆى گۆڕانکارییەکان بووە، بەتایبەتى لە بزاڤى سیاسى میللەتى کورد مامۆستا سەردەستە و سەرمەشق بوە و پارێزەرى زمان و کولتوور و ناسنامەى نەتەوایەتى بوە و ئەوە بەردەوام ئەرکى پیرۆزى بوە.
پێگەى کۆمەڵایەتى و پیشەیی مامۆستا چۆن بەرز دەکرێتەوە؟
دوو هۆکار رۆڵ دەبینن لە بەرزکردنەوەى پێگەى پیشەیی و کۆمەڵایەتى مامۆستا.
یەکەمیان: رۆڵى دروستبوونى کەسایەتى خۆى ئەویش بریتیە لە پێگەیاندنى خۆى لە رووى مەعریفى و زانستیەوە واتە مامۆستا نابێ هەر خۆى بهلێتەوە لەسەر ئەو زانست و زانیارییەى لە ماوەى خوێندنیدا لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا وەریگرتووە بەڵکو دەبێ خۆی چەکدار بکات بە زانست و مەعریفەى نوێ و سەردەمیانە واتە خۆ رۆشنبیرکردن و وەرگرتنى زانستى نوێ و بەردەوام زۆر پێویستە بۆ مامۆستا وە دەبێ وەفا و دڵسۆزى تەواوى هەبێ بۆ پیشەکەى خۆی و لاى پیرۆز بێ بە واتاى ووشە پیشەکەى خۆى خۆش بوێت و ئەرکەکەى بە ئەرکیکى نیشتمانى بزانێت.
دووەمیان: حکومەت رۆلێکى گرنگى هەیە لە بەهێزکردن و دروستبوونى کەسایەتى مامۆستا ئەویش بە پشتگیرکردنى مامۆستا لە دەستەبەرکردنى ماف و داخوازییەکانى و پاراستنى کەسایەتى مامۆستا بە پێى یاسا و رێنمایی تایبەت بە پیشەى مامۆستایەتى لە هەڕەشەى لە یاسا دەرچوان و سەرپێچیکاران. لە هەمان کاتدا پێویستە حکومەت رێز لە نوێنەرانى مامۆستایان بگرێت کە خۆى دەبینێتەوە لە یەکێتى مامۆستایانى کوردستان و پشتگیرى تەواویان بکات تا بتوانێت نوێنەرایەتى راستەقینە و تەواوى سەرجەم مامۆستایانى کوردستان بکات و دوور بێت لە پشک پشکێنە و دەست تێوەردانى حزبى و لایەنە سیاسیەکان، بە تایبەتى لە قۆناغى ئێستادا.
مامۆستاى سەردەمى دیجیتاڵى چۆن دەتوانێت لەگەڵ تەکنەلۆژیا و زیرەکى دەستکردخۆى بگونجێت؟
ئەگەر ئامارێکى ورد هەبێت لەم بوارەدا پێم وابێ هێشتا ئێمە لە سەرەتاى رێگەکەداین چونکە ئەم پێشکەوتنە گەورەیەى لە بوارى تەکنەلۆژیا و زیرەکى دەستکرد لە پڕێکا رووى تێ کردین و ژیانمانى داگیر کرد ئێمە لە خەوى قولى کارى تەقلیدى و کلاسیکى خۆماندا بووین ئەو ئامادەییەمان تێدا نەبوو کە خۆمان بگونجێنین لەگەڵ پێشکەوتنە نوێیەکانى جیهان جگە لە ژمارەیەکى کەم نەبێ لە نەوەى نوێی هاوسەردەمى تەکنەلۆژیاى نوێ بە تایبەتى زیرەکى دەستکرد کە خەریکە ببێتە جێگرەوەى مامۆستا و هەموو ئەرکێکى مامۆستا رادەپەرێنێ بۆیە ئەگەر نەوەى نوێ بەخۆ نەکەوێ ئەوا لە چەند ساڵى داهاتوودا ئەرکى مامۆستایەتیش ئەو گرنگیەى نامێنێ هەروەک لە زۆر بواردا ئەرکى دەستى کارى مرۆڤ ئەو گرنگیەى نەماوە و رۆبۆت شوێنى گرتۆتەوە. ترسم هەیە کارى پیرۆزى مامۆستایەتیش بە هەمان دەردى کارى دەستى تر بڕوات و جێگرەوەمان بە تەواوى بۆ پەیدا بێت، هەرچەندە من بڕوام وایە زانست چەندى پێش بکەوێت و تەکنەلۆژیا و داهێنانى نوێ رۆژ بە رۆژ بێتە کایەوە هێشتا ناتوانێت بە تەواوى جێگاى مرۆڤ بگرێتەوە، چونکە لە کۆتاییدا هەموو زانست و زانیارییەکان بۆ زیرەکى مرۆڤ دەگەڕێتەوە؛ ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە زیرەکیی دەستکرد (AI) هەر دەستکردى مرۆڤە.
بۆ پەرەپێدانى پیشە مامۆستایی گرنگترین گۆڕانکارییە پێویستەکان چین؟
گرنگترین هۆکار بۆ بەرەو پێشچوونى مامۆستایان و پەرەپێدانى پیشەکەیان بینینى خولى بەردەوامە، چونکە توانا و کارامەییەکانى مامۆستا بەهێز دەکات. لێرەدا بە پێویستى دەزانم دەستخۆشى لە وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەریمى کوردستان بکەم کە ئەم کارە بە خاڵێکى سەرکەوتن و پێشکەوتنى مامۆستا دەزانێت، بۆیە بەردەوام خول بۆ مامۆستایان لە هەموو بوار و ئاستێکدا دەکاتەوە و ساڵانە لە رێگاى بەڕێوەبەرایەتى مەشق و راهێنان ژمارەیەک خولى هەمەجۆر دەکاتەوە بۆ ئەوەى مامۆستا لەگەڵ زانیارى نوێ و پەروەردەى سەردەم ئاشنا بن چونکە مەرجە هەموو مامۆستایەک خول ببینێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت مامۆستا بۆ خۆشى هەوڵى جدى بدات زانیارى و مەعریفەى پەروەردەى نوێ وەربگرێت کە لە شێوازى وانەووتنەوە و رەفتارکردنى لەگەڵ قوتابى رەنگ بداتەوە، چونکە پەروەردەى سەردەم ئەوەى لە مامۆستا دەوێت.
لەم رێکەوتی 6/10یەدا پەیامتان بۆ مامۆستایانى کوردستان چیە؟
سەرەتا بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆم لە سەرجەم مامۆستایانى کوردستان دەکەم و هیواى سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم بۆ خزمەتى کورد و کوردستان، ئومێدەوارم بارى سەختى ژیانیان لە چەند ساڵى رابردوو نەبێتە هۆى سستبوون و کزداگەڕانى پەیام و ئامانجە پیرۆزەکەیان کە پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار و پڕ مەعریفەیە تاکو لە ئاییندەدا بتوانێت خزمەتى خاک و نیشتمانەکەى بکات و پشت بە خۆى ببەستێت و وڵاتپارێز بێت.
ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم کە لێرەدا داوا لە حکومەت و لایەنە پەیوەندارەکان بکەم کە ئاوڕێکى جدى لە یەکێتى مامۆستایانى کوردستان بدەنەوە و پشتگیرى بکەن لە هەڵبژاردنکردنێکى ئازاد تاکو ستافێکى نوێ و گەنج و خوێنگەرم بێتە پێشەوە و ئەم ئەمانەتە نیشتمانیەمان لێ وەربگرنەوە و ئەوان بتوانن خزمەتى زیاتر و باشتر پێشکەش بە مامۆستایانمان بکەن بە شێواز و بەرنامەیەکى نوێ درێژە بە کاروانى مێژوویی یەکێتى مامۆستایانى کوردستان بدەن، چونکە ماوەى (15) ساڵە هەڵبژاردن نەکراوە ئێستا یەکێتى مامۆستایانى کوردستان پێویستى بە گۆڕانکارى و نوێبوونەوە هەیە بۆ بەردەوامیدان بە خەباتە پیشەییەکەی خۆی.

