رەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتووی عیراق لای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و دەبێت تا کۆتایی ئەم مانگە پەسند و ڕادەستی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ ئەوەی دەست بە خوێندنەوە بکرێت و بەر لە تەواوبوونی ساڵی ٢٠٢٦ پەسند بکرێت و لە ڕەشنووسی بودجەوە بۆ یاسای بودجە بگۆڕدرێت.
رەشنووسی بودجەکە هێشتا پێویستی بە گۆرانکارییە و بەشێک لە خاڵ و بڕگەکانی ڕەشنووسەکە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ویست و داخوازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراون و ڕەچاوی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
هەڵبەت ناکرێ حاشا لەو ڕاستییەش بکرێت لە شاندەکانی حکوومەتی هەریمی کوردستان لە ئاستی حکوومی و چ لە ئاستی وەزاری چەندین جار سەردانی بەغدایان کرد و نوێنەرانی کوردستانیش لە لیژنە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراق ڕۆڵیان هەبوو لەوەی چی داخوازی هەیە گەڵاڵەی بکەن و پێشکەش حکوومەتی عێراقی بکەن.
ئەمساڵ شاندەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانانیش بە جیا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی عێراق دانیشتن و گفتوگۆی جیاواز و چڕ و پڕیان هەبووە و پلانی خۆیان پێشکەش کردووە. لە دامەزراندن بگرە هەتا دەگاتە بودجەی وەبەرهێنان و مووچە و دەرماڵە داواکاریی زۆر گرنگ لە ڕەشنووسەکەدا جێیان بۆ کراوەتەوە.
ماوەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی دوای پەسندکردن، ڕەشنووسی بودجەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی ئابووری کرد و ئەنجوومەنەکەش ڕەشنووسەکەی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی کرد.
رەشنووسەکە لای حکوومەتی عێراقە و یەکشەممەی ڕابردووش جارێکی دیکە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد بۆ ئەوەی تاوتوێی دواین گۆڕانکارییەکان لە ڕەشنووسی بودجەی بەردەستی حکوومەتی فیدراڵی بکەن.
ئەوەی هەریمی کوردستانی نیگەران کردووە پێشێلکردنی ئاشکرای هەندێک بڕگە و مادەی دەستوورین کە مافەکە بە هەرێمی کوردستان دەدات بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق بە بیانووی جیاواز چاوپۆشی لەو مافە کردووە و بەدڵی خۆی داڕشتنەوەی بۆ کردووە.
نموونەیەکی سەرەکیی ئەو پێشێلکارییە بریتییە لە دەستنیشانکردنی ١٢.٦٨٪ بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە کاتێکدا مافەکە بە گوێرەی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق زیاترە لە ١٤.١٤٪ . جگە لەمە ئەو پشکەش لە کۆی بودجەکە هەژمار نەکراوە بەڵکوو دوای کەمکردنەوەی بودجەی سیادی و بەرگری و چەند بوارێکی دیکە ئەوجا ڕێژەکە بۆ هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.
هەفتەی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەغدای بە پێشێلكاری لە هەژمارکردنی ئەنجامی دوایین سەرژمێری دانیشتووان تۆمەتبار كرد، كە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی٢٠٢٤ بەڕێوەچوو و دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی فیدراڵی بە مەبەست ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی كەم كردووەتەوە، ئەوەش پێشێلكردنی یاسایە.
رەچاونەکردنی نزیکەی ٢٪ی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و شایستە داراییەکان چەندین ترلیۆن دینار لە پشکی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە و ئەگەر حکوومەتی عێرق لەم پێشێلکارییە سەرکەوتوو بێت ئەوا دەتوانێت لە زۆر ڕووەوە پاشەکشە بە هەرێمی کوردستان بکات و زیان بە ئابووریی و ژێرخانی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.
ئامانجی سەرژمێری بریتییە لە پلاندانان بۆ داهاتووی سەرجەم کەرتەکان و کایە ئابووری و بازرگانی و دامەزراندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لەسەر بنەمای ئاماری پەسندکراو.
پاساوی حکوومەتی فیدراڵی ئەوەیە ئاوارەکانیش کە لە هەرێمی کوردستانن لەو سەرژمێرییە لەسەر هەرێم تۆمار کراون لە کاتێکدا لەو سەرژمێرییەی ئەو کات بەڕێوەچوو ئاوارەکان لەسەر پاریزگاکانی خۆیان تۆمار کران کە لێیەوە هاتبوون.
جگەلەمە ئەگەر گریمانەی ئەوەی بکرێت عەرەبێک کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە لەو پلانە حسابی بۆ نەکرێت نابێت پرسیاری ئەوە بکرێت ئەو ئاوارە عەرەبە بە کام شەقامدا ئۆتۆمبێلەکەی لێدەخورێت، مندالەکەی دەباتە کام قوتابخانە و لە کام پارک و شوێنی گوشتی پیاسە دەکات و لە کام نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرێت.
کەوایە پاساوەکەی حکوومەتی فیدراڵی لە جێی خۆی نییە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش شاندی هەریمی کوردستان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە گفتوگۆدایە و دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە چەسپاندنی ئەو پێشێلکارییە دەستووریە بکات و ماف بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

