ئەمرۆ سێشەممە 29.9.2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگای هەولێر، پێشوازی لە لۆرد مایکل ئاشکرافت، سیاسەتکار و خاوەنکاری ناسراوی بەریتانی و سەرۆکی فەخری یەکێتیی نێودەوڵەتیی دیموکراسی (IDU)، و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، لۆرد مایکل ئاشکرافت خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر دەربڕی و ئامانجی سەردانەکەی بۆ زیاتر ناسین و تێگەیشتن لە مێژوو، خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان خستەڕوو.
لە بەشی دیکەی دیدارەکەدا، بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکان و پێشکەوتنەکانی شاری هەولێر بوونە بابەتی گفتوگۆ، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، وەبەرهێنان و بزاوتی ئابووری و ئاسایش و ئارامی .
پارێزگاری هەولێر، لە دیدارەکەدا ئاماژەی بە گرنگیی هەولێر وەک ناوەندی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەولێر بە مێژووی قووڵ، فرەڕەنگی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی، بووەتە نموونەیەکی دیار لە پێکەوەژیان و قبووڵکردنی جیاوازییەکان.
هەروەها، هەردوو لایەن گرنگییان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی زیاتر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان کردەوە.
شایەنی ئاماژە بۆکردنە، سەردانی لۆرد مایکل ئاشکرافت بۆ هەولێر لە چوارچێوەی کۆمەڵێک چالاکی و دیداری ئەو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

