رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر …. هەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کەرەستەی بیناسازی، تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی فێنککەرەوە كرایەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2026.9.22، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.محمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و ژمارەیەک لە کونسڵ و نێردەی وڵاتان و سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی و پیاوانی کار، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، هەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کەرەستەی بیناسازی، تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی فێنککەرەوە كرایەوە، كە تێیدا زیاتر لە 350 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی و 400 براندی جیهانی و نوێنەرانی 11 وڵات بەشدارن.

ئەم پێشانگایە یەکێکە لە رووداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، کە ساڵانە بە مەبەستی خستنەڕووی نوێترین داهێنانەکانی بواری بیناسازی بەڕێوەدەچێت و كۆمپانیاكان نوێترین کەل و پەل و پێداویستییەکانی نمایش دەکەن.

پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و ئامانجی سەرەکیی ناساندنی براندە جیهانی و ناوخۆییەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتیی بیناسازییە لە هەرێمی کوردستان.

جێگەی باسە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی رێکخستنی ئەم جۆرە چالاکییانەوە هەوڵ دەدات دەرفەتی لێکنزیکبوونەوە و دروستکردنی لێکگەیشتنی هاوبەش لە نێوان کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکاندا بڕەخسێنێت، تاوەکو کارکردن لەسەر پڕۆژەکانی بواری بیناسازی بە شێوازێکی هاوچەرختر بێت.