فیلمی (بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت)، No Paradise If You Are Killed by a Woman نوێترین فیلمی کوردییە و لە ژانەری جەنگی و درامییە و ئەمڕۆ نمایشەکانی لە سینەماکانی کوردستان دەستپێدەکات.
چیرۆکی فیلمەکە لە چوارچێوەی شەڕ و تێکۆشان و سەرکێشیدا دەسووڕێتەوە، کە باسی چیرۆکی کچە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست دەکات بە ناوی ڤیان، ئەم کچە بە شێوەیەکی نهێنی و مەترسیدار دزە دەکاتە ناو ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعشدان بە تایبەت شاری موسڵ، ئەمەش بەمەبەستی ڕزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی کە لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە ڕفێندراوە.
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفایە، کە هەمان دەرهێنەری فیلمی کلاسیکۆ و شاردنەوەی سەدام حوسێنە و بە نواندنی سەرەکی ئاڤان جەمالە و فیلمەکە بۆ ماوەی 9 ساڵ لە ژێر بەرهەمهێنان دابووە، هەروەها لەلایەن لیژنەی نیشتمانی عێراقی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ بە کۆدەنگی، فیلمەکە وەك نوێنەری فەرمی عێراق بۆ کێبڕکێی خەڵاتی ئۆسکار لە بەشی “باشترین فیلمی نێودەوڵەتی” دەستنیشانکراوە.
ئاڤان جەمال سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ ڕۆڵەکەی وەك ژنە قەناس دەڵێت: کە بۆ ماوەی دوو مانگ لە هێزی زێرەڤانی مەشق و ڕاهێنانی ئەنجام داوە و دوێنێش یەکەم نمایشی فیلمەکەمان بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیە سیاسی و هونەرییەکان لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایشکرا.

