رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی: بە ئاراستەیەکی دروست دەڕۆین بەرەو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە کۆبوونەوەی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی کراون و هەوڵی ئەرێنی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەیە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەدوای بەشداریکردنی لە لووتکەی ئابووریی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، “لە ئاراستەیەکی دروست دەڕۆین بەرەو پێکھێنانی حکوومەت،” بەڵام گوتیشی، ناتوانم بڵێم کەی پێکدێت.” سەبارەت بە یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەش گوتی، “لەم رۆژانەدا لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی رایدەگەیێنین.”

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “ئێمە لەم نزیکانەدا ڕێوڕەسمێکمان ھەیە، ھێزەکانی پێشمەرگە ھەموویان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆکراونەتەوە و لەم رۆژانەدا ئەوە بە فەرمی ڕادەگەیەنین.”

لەبارەی پرسی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش نێچیرڤان بارزانی گوتی، “ناتوانم بڵێم کەی پێکدێت، بەڵام دەتوانم یەک شت بڵێم، دەتوانم پێتان بڵێم: کۆبوونەوەی باش ھەتا ئێستا کراون، لەنێوان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، لەنێوان ھیزە ئەمنییەکان، لەنێوان ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی.”

ھەر لەسەر ئەو پرسە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم، لە ئاراستەیەکی دروست دەڕۆین بەرەو پێکھێنانی حکوومەت.