ڕائیب جادر – هەولێر
زیاتر لە ٤ مانگە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی پێکھاتووە، بەڵام تا ئێستا بەشێک لە وەزارەتەکان بێ وەزیر ماونەتەوە، ناکۆکی نێوان ھێزە سیاسییەکان لەبارەی کاندیدانی وەزارەتەکان بەردەوامە. چاودێرانی سیاسی، بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێنەوە.
١٤ی ئایاری ئەم ساڵ، دەنگ لەسەر ١٤ بەربژێری کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی درا، بەربژێری نۆ وەزارەت مابوون کە بەربژێری چوار وەزارەتیان لە دەنگداندا ڕەتکرانەوە و متمانەیان وەرنەگرت. پێنج وەزارەتیش نەخرانە دەنگدانەوە.
وەزارەتە بەتاڵەکان بریتین لە بەرگری، ناوخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا، کۆچ و کۆچبەران، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لاوان و وەرزش، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، و ڕۆشنبیری، ئەم وەزارەتانە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر کاندیدەکانیان.
سەرباری ئەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی پێیوایە کابینەکە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا تەواو دەبێت، بەڵام چاودێران دەڵێن: ململانێ لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و کاریگەرییەکانی دۆسیەی گەندەڵی و دادگەییەکان کاتی پرکردنەوەی پۆستەکان درێژ دەکاتەوە، لە کاتێکدا ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لە پێشەنگی گرێکوێرە سیاسی و ئەمنییەکاندان.
زیاد دەسکۆ، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی تەواونەکردنی کابینەکەی زەیدی دەستوورە، چونکە لە دەستووری عێراقدا لە ماددەی ٧٦ ھاتووە ئەوەی حکوومەت پێکدەھێنێت، ماوەیەکی لەبەر دەستە ئەویش تەنیا ٣٠ ڕۆژە، کە لەو ماوەیەدا پێویستە ئەو ناوانە پێشکەش بکات کە لە حکوومەتەکەی ئەو دا دەبنە وەزیر، ھۆکاری دووەم پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانەوە ھەیە، چونکە لەلایەن شیعەوە پێشکەش دەکرێت، چوارچێوەی ھەماھەنگی زۆر کاریگەری لەسەر سەرۆکوەزیران ھەیە، ئەوەش وای کردووە زۆر ئازاد نەبێت لە بڕیاردان کە کێ دەبێتە وەزیر لەناو حکوومەتەکەی، بۆیە کاتێک کە ئازاد نەبێت، کێشەی بۆ دروست دەکەن و کابینەکەی ماوەیەکی زیاتری دەوێت تا تەواو دەبێت.
چەندین بەربەستی ئابووری، سیاسی و لەشکری کەوتوونەتە بەردەم سینگی کابینەکەی عەلی زەیدی، بەڵام ئەوەی لە ھەمووی گرنگتر کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و چەکدانانی گرووپە لە یاسا دەرچووەکانە ئەوەش گەورەترین ئەزموونە بۆ دیاریکردنی ھێزی ئەو حکوومەتە. موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری شیعە ئاماژە بەوە دەکات، دۆسیەی تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی عەلی زەیدی ھێشتا لە شوێنی خۆی چەقیوە، تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ یەکلاکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان نییە و ئەوان بە وەکالەت بەڕێوەدەچن، لەوانە چەند وەزارەتێکی سیادی.
دووپاتی کردەوە، تا ئێستا دیدار و گفتوگۆی ھێزە سیاسییەکان بەردەوامە و بە لێکگەیشتنی کۆتایی نەگەیشتوون، بەڵام پێشبینی ھەیە ڕێک بکەون و ڕۆژێک دیاری بکەن پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر وەزارەتە بەتاڵەکان کۆببێتەوە، چونکە بەڕێوەبردنی وەزارەتە تەناھی و خزمەتگوزارییەکان پێویستییان بە سەربەخۆیی ھەیە بەھۆی ئەو ئاڵنگارییانەی ھەن.

