بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بڕیاری دا ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی بۆ نۆرەی وەرگرتنی بەنزین لە شەواندا لەسەر شەقامەكان قەدەغە بكرێت.
هاتوچۆی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕاگەیاندراوێکیان لە ڕێکەوتی 30/8/2026 بڵاوکردەوە سەبارەت بە قەدەغەبوونی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەشەواندا لەبەردەم بەنزینخانەکان، وەک تێبینیمان کردووە بەشێک لە شوفێران پابەندی ڕێنمایەکە نابن.
راشیگەیاند: بۆیە بە مەبەستی ڕێکخستنی هاتوچۆ و ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی لە شەقامەکانی دەوروبەری بەنزینخانەکان و بەردەم دوکانەکان، ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین لە شەوان و ڕۆژێک پێشتر قەدەغەیە، بە تایبەتی کاتێک ڕاگرتنەکە ببێتە هۆکاری ئاستەنگی هاتوچۆ و بێزارکردنی هاووڵاتییان لەناو کۆڵان و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون.
هاتوچۆی هەولێر داواشی لە شوفێرەکان كرد بۆ لەمەودوا پابەندی ئەم ڕێنمایە بن و شەوان ئۆتۆمبێلەکانیان لە شەقام و کۆڵانەکانی دەوروبەری بەنزینخانەکان بەجێنەهێڵن.

