سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات کە کراونەتە سەر وڵاتی سعوودیە.
ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئەیلوول، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە کرانە سەر بۆرییەکانى نەوت لە شانشینی عەرەبیى سعوودیە و هاوپەشتیى تەواوى خۆمان لەگەڵ شانشینی سعوودیە و پەرۆشیمان بۆ ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دووپات دەکەینەوە. هەروەها پشتیوانى لەو رێکارانه دەکەین که حکوومەتى فیدراڵیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەستدرێژییانه و ئاشکراکردن و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی، دەیگرێتەبەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: جەخت دەکەینەوە که نابێت خاکى عێراق ببێته سەرچاوەی هیچ هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. ڕیزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، دراوسییەتی باش و پەنابردنه بەر دیالۆگ و هاوکاریی، گونجاوترین ڕێگەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

