رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی كوردستان سەركۆنەی هێرشەكان بۆ سەر سعوودییە دەكات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەركۆنەی هەموو ئەو هێرشانەی كرد کە لە رۆژانی رابردوو کراونەتە سەر وڵاتی سعوودییە کە لە ئەنجامدا بووەتە هۆكاری برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی لەنێویاندا ئافرەت و منداڵ هەن.

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە “سەركۆنەی ئەو هێرشانە دەكەین کە کراونەتە سەر شار و دامەزراوە ئابوورییەکانی ژمارەیەک لە شارەکانی شانشینی عەرەبستانی سعوودییە، کە بوونەتە هۆكاری برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی لەنێویاندا ئافرەت و منداڵ هەیە”.

لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها هاتووە ” لە کاتێکدا كە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوسۆزی تەواوی خۆی بۆ شانشینی عەرەبستانی سعوودییە و گەلەکەی دەردەبڕێت، هەروەها بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان یاخود هەر كردەوەیەك کە ژیانی هاووڵاتییانی بێتاوان بخاتە مەترسییەوە ڕەت دەكاتەوە، بەو پێیەی هەموو ئەم جۆرە ڕەفتارانە دژ بە بەها مرۆییەکانن.

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا جەخت دەکاتەوە کە ئاشتی و دیالۆگ باشترین ڕێگەن بۆ چارەسەرکردنی قەیران و ململانێکان. بەپێچەوانەشەوە بەردەوامبوونی ئاڵۆزی و توندوتیژییەكان دەبێتە هۆی ناڕەخساندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.