بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاشكرای دەكات كە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی خزمەتگوزاری ماڵان لە سۆشیال میدیا لە هەرێمی كوردستان قەدەغەیە، بە پێچەوانەوە ڕێوشوێنی یاسایی لەگەڵ سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی كردۆتەوە: بەپێی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە (11711 لە 3/9/2026)، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لەگەڵ کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان قەدەغەکراوە.
راشیگەیاندووە: ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە کە وێنە و ڤیدیۆی ئەم کرێکارانە بەبێ ڕەزامەندی و بە مەبەستی بڵاوکردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارنەهێنرێت و کەڕامەت و تایبەتمەندییان نەبێتە بابەتی ناوەڕۆکی سۆشیال میدیا و بازرگانی ئەلیکترۆنی.
هەروەها رایگەیاندووە: کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان، هەرچەندە لە وڵاتێکی دیکەوە هاتوون، بەڵام مافی مرۆیی و کرێکارییەکانیان هەمان ئەو مافانەن کە دەبێت بۆ هەر کرێکارێکی تر ڕەچاو بکرێت، نابێت جیاوازیی نەتەوە، زمان یان جۆری کار ببێتە هۆی پێشێلکردنی کەڕامەت و تایبەتمەندییان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی جەختیشی كردەوە كە ئەم هەنگاوە پەیامێکی ڕوونە کە نابێ وێنە و ڤیدیۆی کرێکار ببێتە کەرەستەی ڕیکلام، گاڵتە، ناوبانگ دروستکردن یان بەرنامەی سۆشیال میدیا.
بڵاویشی كردۆتەوە: پاراستنی مافی کرێکار تەنها بە پارەدان و دابینکردنی کار کۆتایی نایەت، بەڵکو پاراستنی کەرامەت و تایبەتمەندی کەسی مافی سەرەکییە، نابێ لەدەرەوەی پەیوەندی کار کە بەپێی گرێبەست ڕێکخراوە کرێکار ناچار بکرێت بۆ بابەت و کارێکی تر.
داواشی كردووە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی یاسایی لەگەڵ سەرپێچیکاران بگرنەبەر

