رۆژنامەی ھەولێر

شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان بۆ خۆپاراستن لە لافاو دەستپێدەکات

بۆ ڕێگری کردن لە کۆبوونەوەی ئاوی باران و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو لە وەرزی زستاندا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی گشتگیر بۆ پاککردنەوە و بەدواداچوونی مەنهۆڵ و چەپەرەکان و ڕێڕەوەکانی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر ڕاگەیاند.

ئەم هەڵمەتە، کە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر ڕاسپاردەی ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزییەوە دەستپێکردووەو تا کۆتایی وەرزی زستان بەردەوام دەبێت، هەروەها تیشک دەخرێتە سەر فراوانکردن و پاککردنەوەی سەرجەم ئەو ڕێڕەوانەی کە ئاوی باران لەخۆدەگرن، تاوەکو لە کاتی هاتنی شەپۆلە بارانبارینەکاندا بەربەست دروست نەبێت.
لە بەرامبەریشدا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتیان و کاسبکاران و خاوەنکاران دەکات و داوایان لێ دەکات کە هاوکار بن لە پاراستنی پاکوخاوێنیی شارەکەدا. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە فڕێدانی زبڵ و پاشماوە و خۆڵ و خاشاک بۆ ناو مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان، هۆکاری سەرەکیی گیران و پەنگخواردنەوەی ئاوە لە شەقامەکاندا.

ڕێنماییە ژینگەیییەکان بۆ پاراستنی سیستەمی ئاوەڕۆی شار …
بۆ ئەوەی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە سەرکەوتوو بێت و شارەکەمان لە مەترسییەکانی لافاو و پیسبوونی ژینگەیی بەدوور بێت، پابەندبوون بەم خاڵانە پێویستە:
١- دوورکەوتنەوە لە فڕێدانی زبڵ: هەرگیز پاشماوەی ماڵان، زبڵی ورد و کارتۆن لە مەنهۆڵ و چەپەرەکانی شەقامەکاندا فڕێ مەدەن.
٢- کاسبکاران و خاوەنی چێشتخانەکان دەبێت دڵنیابن لەوەی ڕۆن و پاشماوەی چەوری ڕاستەوخۆ نەکرێتە ناو ئاوەڕۆوە، چونکە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی ڕەقبوون و گرتنی ڕێڕەوی ئاو.
٣- بەکارهێنانی سندووقی خاشاک: دڵنیابە لەوەی هەموو پاشماوەیەک تەنها لە شوێنە دەستنیشانکراوەکان و سندووقەکانی زبڵدا دادەنرێت نەک لەسەر شەقامەکان کە بە ئاوی باران ببرێنە ناو ئاوەڕۆکانەوە.
٤- ڕووپۆشکردنی کاتیی کاره‌كانی بیناسازی: خاوەنی باڵەخانە و شوێنە نیشتەجێبوونەکان دەبێت پاشماوەی بیناسازی و خۆڵ و خەڵی پڕۆژەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن بۆ ئەوەی نەچێتە ناو تۆڕی ئاوەڕۆی گشتییەوە.
٥-لە کاتی بینینی هەر مەنهۆڵێکی گیراو یان خنکاو لە گەڕەکەکەتان، دەستبەجێ تیمەکانی شارەوانی لێ ئاگادار بکەنەوەو پێش ئەوەی وەرزی زستان دەست پێبکات.
پاراستنی ئاوەڕۆکان تەنها ئەركی شارەوانی نییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانی و ژینگەیییە بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاوڵاتیان و نیشاندانی جوانیەکانی شارەکەمان.

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر