ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ٩ی ٢٠٢٦، لە هۆڵی شەهیدان لە شاری زاخۆ، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و ژمارەیەک لە ئەندامانی بەش، بەرپرسانی حزبی و حکوومی و بەشداریی بەرفراوانی نووسەران، ڕۆژنامەڤانان، ئەدیبان، شاعیران و ڕۆشنبیرانی زاخۆ و دەڤەرەکە، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ڕێوڕەسمێکی شایستەی ڕێزلێنانی بۆ هۆزانڤانی کورد، مستەفا حسێن، بە ناونیشانی (مستەفا حسێن.. ئاوازەکا شرین د ناڤ پێلێن خابیرى دا) ڕێکخست.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری نمایش کرا، کە تێیدا وێنە، بەڵگەنامە و وێستگە جیاوازەکانی ژیان و خەباتی چەکداری و ئەدەبیی هۆزانڤان مستەفا حسێن خرانەڕوو.
د. سالار عوسمان وتاری بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا، بە گرنگی و بایەخێکی زۆرەوە تیشکی خستە سەر خەبات و ڕۆڵی مێژوویی مستەفا حسێن و ڕایگەیاند: “مستەفا حسێن وەکوو پێشمەرگە و وەکوو هۆزانڤانێک، لە ڕێگەیەکی ڕاست و لەسەر ڕێبازێکی ڕاست خەباتی کردووە، کە ئەویش ڕێبازی بارزانیی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستانە.
هەروەها گوتی: ئێمە بە شانازییەوە ڕێز لە قەڵەمە ڕەسەنەکەی دەگرین، چونکە ئەمە ئەو پەیڤە ڕەسەنەیە کە دەبێتە باڵی فڕین، ئەمە ئەو هۆنراوە شۆڕشگێڕییەیە کە دەبێتە تفەنگی پێشمەرگە. ئەمانە ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی بارزانیی نەمرن کە دوێنێ لە سەنگەرەکانی شۆڕشی ئەیلوول، گوڵان، ڕاپەڕین و شەڕی داعشدا بوون و ئەمڕۆش بە قەڵەم و هەڵوێستەکانیان بەرگریکاری سەرسەختی کوردستانن.”
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، نووسەر فەرهاد حاجی خوێندنەوە و شرۆڤەی بۆ تێکستە شیعرییەکان و شیعرەکانی مستەفا حسێن کرد.
لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، وەک پێزانینێک بۆ تەمەنێک لە خەبات و ئافراندنی ئەدەبی، خەڵاتی ڕێزلێنان و وەفاداری پێشکەش بە مامۆستا مستەفا حسێن کرا.
سێ نوێترین بەرهەمی چاپکراوی هۆزانڤان، کە بە
پاڵپشتیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن چاپ کرابوون و پێکهاتبوون لە پەرتووکەکانی (پێتێن مشەختیێ، دەرمانێ ڕشتی، هەڵبەستەنیگار)، پێشکەش بە میوانان و ئامادەبووان کران. See less

