رۆژنامەی ھەولێر

دوای بیست و دوو مانگ لە هەڵبژاردن پارتی و یەکێتی دەست بە گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانیان دەکەنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

زیاتر لە بیست و دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت و تا ئەم ساتە تەواوی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شکستیان هێناوە. یەکێتی و پارتی چەند ڕۆژێکە دیسان هەوڵەکانیان بۆ گەڕێکی نوێی گفتوگۆ چڕ کردووەتەوە و ئەو ئەگەرە لەئارادایە هەفتەی داهاتوو کۆ ببنەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستانن و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان لای ئەوانە بەیەکەوە دەتوانن ڕێژەی یاسایی پەرلەمان تەواو بکەن و حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێنن بەڵام بە هۆکاری جیاواز بە هیچ ڕێککەوتنێک نەگەیشتوون.
سەیرەکە لەوەدایە ئەو دوو پارتە بە بێ یەکتریش ناتوانن حکوومەت دابمەزرێنن و هەر دووکیان لایەنی بەرامبەر بە پێویستییەکی سەرەکیی دامەزراندنی حکوومەت ناو دەبەن کەچی هەنگاوەکانیان هیچی لێ سەوز نەبووە ە نەتوانراوە حکوومەت پێکبهێنن.
لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵی ڕابردوو یەکێتی و پارتی چەندین جار کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە و لە هەندێک لەو گفتوگۆیانەدا لە دامەزرااندنی کابینە زۆر نزیک کەوتوونەتەوە بەڵام دواتر سەری نەگرتووە گفتوگۆکان زۆر جار بۆ شەڕی میدیایی و تانە و تەشەر دژی یەکتر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بیستی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەو هیوایە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد هەر چی زووە پەرلەمان نوێ بکرێتەوە و دامەزراوەی یاسادانان چالاک بکرێت و کابینەی نوێی حکوومەت دابمەزرێنرێت. بەڵام تا ئێستا تەنیا پەرلەمان کۆبووەتەوە و نوێنەران سوێندیان خواردووە بەڵام پەرلەمان پەک خراوە و نەیتوانیوە بە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی هەستێت. پەرلەمان چاوەڕوانی ڕێککوتنی سیاسیی پارتە سیاسییەکانە و تا ئەو کاتەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر چوارچێوەیەکی پێکەوە کاردکردن و دامەزراندنی کابینە ڕێک نەکەون زەحمەتە پەرلەمان هیچ کارێکی دیکەی لەدەست بێت.
تایبەتمەندیی سیاسی، مێژوویی و جیوستراتیژیی و تەنانەت دۆخی ئیداریی هەرێمی کوردستان ئەوە دەخوازێت لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی پێگە وقورسایی خۆیان دەست بۆ هاوپەیمانێتی و پێکهێنانی کابینە بەرن و هەرێمی کوردستان لەو دۆخە ڕزگار بکەن.
لەوەتەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کراوە چەندین وڵات هەڵبژاردنیان کرد و کابینەیان دامەزراند، بەو عێراقەشەوە کە ساڵێک دوای هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی کرد کەچی سەرەڕای ئەو ناکۆکییە زۆرەی لە ئاستی عێراق و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیش لەئارادابوو، کابینە دامەزرێنرا. چەندین جەنگ دەستیان پێکرد و کۆتاییان پێهات کەچی لای کورد نە بای دێ و نە بارانە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە دیسان ئومێدێکی نوێ چەکەرەی کردووە و باس لەوە دەکرێ پارتی و یەکێتی دەست بە گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لە پێناو دامەزراندنی کابینەی دەیەم بکەنەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەڤانیدا لە هەولێر سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، “ئەرکی سەرشانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانە ئەو چەقبەستووییەی هەیە بشکێندرێ و بەرەو ئاراستەیەک بڕۆین لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.”
مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵی لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی، بۆ شکاندنی چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان کاریگەر بووە، ئەو گوتی لەوانەیە هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆببنەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە سی و نۆ کورسی بەدەست هێناوە ئەو مافەی هەبووە دەستپێشخەری بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکات و لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ بکات و حکوومەتی داهاتوو دابمەزرێنێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دووەم براوەی هەڵبژاردنە و بیست و سێ کورسی بەدەست هێناوە. نەوەی نوێ پازدە کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان حەوت کورسی و هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵەی دادگەری سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، گۆڕان یەک کورسی و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کورسییەکی مسۆگەر کردووە.
بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقی دەخاتە ئەستۆی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەروویەک بۆ دەربازکردنی کوردستان لەم دۆخە چەقبەستووییە بدۆزنەوە چونکە درێژەکێشانی ئەم دۆخە جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان نابێت و لەوانەیە هەڕەشە و مەترسیی نوێ بۆ سەر دەستکەوتەکان سەرهەڵبدات.