بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە ئەم ڕۆژە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی مرۆیی هەیە، چونکە کوردستان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی حاڵەتە زۆرەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بووەتەوە و هەتا ئێستا چارەنووسی هەزاران کەس نادیارە.
دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژی جیهانی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ رایدەگەیەنێت كە “کوردستان یەکێکە لە گەورەترین قوربانیانی تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ”.
د. زێباری ئاماژەی بە تاوانەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کوردە فەیلییەکان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا، تاوانەکانی ئەنفال کە بوونە هۆی ونبوونی هەزاران کەس، هەروەها جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە کرد؛ جینۆسایدێک کە بووە هۆی ڕفاندنی هەزاران کەس و هەتا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکیان نادیارە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونی کردەوە کە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە، بەتایبەتی لە ڕێگەی لیژنە نیشتیمانییەکانەوە کە بۆ بەدواداچوونی مەلەفی بێسەروشوێنکراوان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێکهاتوون.
لەبارەی مەلەفی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دەرهێنانی ڕوفات د. زێباری گوتی، هەتا ئێستا ٩٣ گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە و ڕوفاتی ٢٩٦ کەس دەرهێنراوە، لەوانە ١٤ ژن و ٢٥٥ پیاو بوون، کە بە پشکنینی DNA ناسراون و ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە.
وتیشی؛ گوتی، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان چاوەڕێی کردنەوە، هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوەن، کە پێویستی بە بەردەوامبوونی هەوڵ و هەماهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە.
د. زێباری ئاماژەی بە هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (UNITAD) کرد و گوتی، هەوڵەکان بۆ دۆکیومێنتکردنی تاوانەکان و پاراستنی بەڵگەکان بە شێوەی دیجیتاڵ بەردەوام بووە.
گوتیشی، زیاتر لە ٥٧ گێگابایت بەڵگە و دۆکیومێنتی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی داعش لەلایەن UNITADـەوە ڕادەستی حکووەمەتی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ بەکارهێنان لە ڕێکارە یاساییەکان و لێپێچینەوە لە تاوانباران.

