رۆژنامەی ھەولێر

مووچەخۆران ئاگاداربن

پڕۆژەی “هەژماری من” دواین هۆشداری دەداتە مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی دووشەممە 31ی ئاب دوا مۆڵەتە بۆ خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەکەدا، و بە پێچەوانەوە وەرگرتنی مووچەی مانگی هەشت بە شێوازی نەختینەیی (کاش) بە تەواوی پەکی دەکەوێت.

بەپێی ڕێنماییە فەرمییەکانی پڕۆژەکە، سیستەمی کۆنی دابەشکردنی مووچە بە کاش لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی 8دا بە یەکجاری کۆتایی پێدێت. لەمەودوا خەرجکردنی سەرجەم شایستە داراییەکان تەنیا لە ڕێگەی کارتی بانکی و ژمارەی هەژماری تایبەتی بەشداربووانەوە لە پڕۆژەی “هەژماری من” دەبێت.
​تیمی پڕۆژەکە جەخت دەکاتەوە؛ هەر فەرمانبەر یان خانەنشینێک کە تا کۆتایی کاتی کارکردنی سبەی دووشەممە مامەڵەکانی خۆتۆمارکردن تەواو نەکات، دابەشکردنی مووچەکەی ڕادەگیرێت و هەڵپەسێردراو دەبێت تا ئەو کاتەی بە تەواوی ڕێکارەکانی تۆمارکردن دەبڕێت و کارتی بانکییەکەی وەردەگرێتەوە.

لەکۆتاییدا داوا لە هەموو ئەو مووچەخۆرانە دەکرێت کە تا ئێستا ڕێکارەکانیان جێبەجێ نەکردووە، بەپەلە و پێش بەسەرچونی مۆڵەتەکە سەردانی سەرچاوە و بانکە دیاریکراوەکان بکەن، بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی مووچەی مانگی هەشت بێبەش نەبن.