وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، رۆژی 1ـی ئەیلوولی وەک رۆژی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 دیاریی کرد.
یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دەرکردنی فەرمانێکی وەزارییەوە رۆژی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دیاریی کرد.
بە پێی فەرمانە وەزارییەکە کە بە ژمارە (18615) دەرچووە، بڕیار دراوە رۆژی سێشەممە، رێکەوتی 1ـی ئەیلوولی 2026، ببێتە رۆژی دەستبەکاربوونەوەی فەرمیی مامۆستایان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027).
ئەم بڕیارە فەرمییە لە چوارچێوەی هەنگاوە ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردەدایە بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی خوێندن و رێکخستنەوەی کاروباری کارگێڕیی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی قوتابییان.

