ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026.8.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەشدار بوو لە ڕێوڕەسمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەڕتووکی نوێی نووسەر و لێکۆڵەر پەری عومەر خەیلانی لە ژێر ناونیشانی ” ستایش و شیوەن بۆ بارزانی نەمر… دوو شیعری شێركۆ بێكەس بە نموونە “.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەپرسانی حزبی و حکومی و ئەکادیمیستان، ڕۆشنبیران، ئامادەی بوون و لە لایەن بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێکخرابوو، تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگیی ڕەهەندە ئەدەبی و نەتەوەییەکانی کتێبەکە، كە درێژكراوە و فراوانكردنی بەدواداچوونێكی ڕەخنەییە و سەرەتا لە ساڵی 2024 بە چەند بەشێك لە پاشكۆی هزر و هونەری ڕۆژنامەی (خەبات) بڵاو بووەتەوە و هەوڵێكی ئەكادیمی و سیستماتیكییە بۆ خوێندنەوەی دوو ئاراستەی سەرەكیی شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس، سەبارەت بە باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد “بارزانیی نەمر” كە بریتیین لە دەقی شیعری ( بۆ بارزانی ) وەك دەقێكی ستایش و دەقی شیعری ( كۆست و چرا ) وەك دەقێكی شیوەن، هەروەها ئاماژە بەوەدرا كە چۆن شێركۆ بێكەس توانیویەتی لە ڕێگەی دەقەكانەوە كەسایەتیی ” بارزانی نەمر ” لە ئاستێكی مێژوویی و فیزیكییەوە بگوازێتەوە بۆ پانتاییەكی هەمیشەیی و وەك هێمایەكی نەپساوەی نیشتمانی لە هۆشی نەتەوەییدا بیچەسپێنێت.
لەلایەن ئامادەبووان وێرای دەستخۆشی بۆ نووسەر، ئاماژەیان بەوە دا کە ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە دەبنە پردێکی گرنگ لە نێوان مێژووی سیاسیی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و داهێنانە ئەدەبییەکان. لەكۆتایی ڕیورەسمەكەشدا، پەڕتووکەکە بەسەر ئامادەبووان دابەش کرا.
جێگەی باسە، ناوەڕۆكی كتێبەكە پێكدێت لە سێ بەشی سەرەكی ( پایەی تیۆری، سەركردە لە شیعری كوردیدا و شیكاریی پراكتیكی و سیمۆلۆژیی هەردوو دەقەكە ) لەگەڵ پاشكۆی دەقی شیعرەكان، كە ئامانجی سەرەكی، شیكردنەوەیەكی وردە بۆ جیاوازیی نێوان گوتاری ستایش و گوتاری شیوەن و چۆنیەتیی بەكارهێنانی نیشانەكان لە شیعری نوێی كوردیدا، بە جۆرێك كە دەقەكان نەك تەنیا وەكوو هەستی سۆزداری، بەڵكوو وەك سیستمێكی نیشانەیی بۆ گواستنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی خراوەتە ڕوو.

