وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە (18ی ئابی 2026)، هەنگاوە کردارییەکانی پڕۆژەیەکی گەورەی چاکسازی لە کەرتی پۆلیسدا ڕاگەیاند. ئەم پڕۆژەیە کە بە ناوی “ستراتیژی چاکسازی لە پۆلیسی نیشتمانیی کوردستان 2026-2030” ناسراوە، ئامانجییەتی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پەیکەری کار، هەڵسوکەوت و مامەڵەی پۆلیس لەگەڵ هاوڵاتیاندا بکات.
ئەم ستراتیژییە نوێیە، کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حكوومەت بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، دەیەوێت شێوازی کارکردنی پۆلیس لە “بەرگری و هێز”ەوە بگۆڕێت بۆ “متمانە و خزمەتگوزاری”. وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە هاوڵاتی لەمەودوا وەک هاوبەشێکی سەرەکیی پۆلیس دەبینرێت و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای ڕێز و بێلایەنی لە جێبەجێکردنی یاسادا دەبێت. تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 10,000 ئەفسەر و کارمەند خولی ڕاهێنانی تایبەتیان بۆ ئەم مەبەستە بینیوە.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، دایەلۆگێکی سێ ڕۆژە بە هاوکاریی دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر بەڕێوە بچێت، کە تێیدا سەرکردەکانی پۆلیسی هەرێم و ڕاوێژکارانی ئەوروپی گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پلانە دەکەن. یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی کۆبوونەوەی ئامادەکاریی ئەمڕۆ، بەشداریی عەمید سامان حەسەن بوو، کە ئەفسەرێکی کوردی پلەباڵای پۆلیسی هۆڵەندایە و وەک هاوکارێکی خۆبەخش پشتیوانیی ئەم پڕۆژەیە دەکات

