رۆژنامەی ھەولێر

عەلی زەیدی بڕیاری دا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بەپەلە بۆ هێرشەكەی پیرمام پێكبهێنرێت

سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی كرد، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بەپەلە بۆ بەدواداچوونی هێرشەكەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام پێكبهێنرێت، فەرمانیشی كرد ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بە خێرایی بۆ ڕای گشتی بڵاوبكرێتەوە.

لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هاتووە “عەلی فالح زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لێژنەیەكی لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوە و شوێنی ئەو هێرشەی کە کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچەكی پیرمام لە سنووری پارێزگای هەولێر.

لە بەیاننامەكەدا بەهەمانشێوە هاتووە: عەلی زەیدی هەروەها فەرمانی كردووە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە خێرایی بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت، هەروەها تەواوی وردەکارییەکانی دەستدرێژییەکە و ئەو لایەنانەی لە پشتییەوەن، ئاشکرا بكرێن.

بەبەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕێگەی دوو درۆنەوە، هێرشكرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، خۆشبەختانە هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانییان نەبوو.

لەبارەی هێرشەكە، دژەتیرۆری كوردستان رایگەیاندبوو “بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە”.

دژەتیرۆری كوردستان هەروەها رایگەیاندبوو “ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە”.