تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تورکیا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر.
باراک لە پەیامێکی فەرمیدا جەختی کردەوە کە کورد هاوپەیمانێکی جێی متمانەی ئەمریکایە و هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر سەرکردایەتیی هەرێم بە “قبووڵنەکراو” هەژمار دەکرێت و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.
لێپرسراوە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە واشنتن بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەم جۆرە دوژمنکارییانە ناکات و بەرگەی ناگرێت. باراک وتی: “ئەمە دەستدرێژییە بۆ سەر دۆست و هاوبەشە بەڕێزە کوردەکانمان.” ئەم هەڵوێستە نیشانەی پابەندیی بەردەوامی ئەمریکایە بە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ناو جەرگەی ئەو ململانێ سەربازییانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
هەروەها تۆم باراک پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ سەرکردایەتیی عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپات کردەوە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی تەواوەتی بۆ وڵات. ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو چەک و هێزە ئەمنییەکان تەنها لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقدا بن، تاوەکو ڕێگری لە هەر جۆرە پەککەوتنێکی ئەمنی و هەوڵێکی دەرەکی بۆ تێکدانی ئارامیی نیشتمانی بگیرێت.

