سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ئاب رێک سەد و شەش ساڵ بەسەر مۆرکردنی پەیماننامەی سیڤەر تێدەپەڕێت. پەیمانێک کە مافی دروستکردنی دەوڵەتی بە کورد دا بەڵام هەرگیز جێبەجێ نەکرا. دوای سێ ساڵ پەیماننامەی لۆزان جێگەی گرتەوە و پرسی کورد بە تەواوی لەبیر کرا و سەرجەم هەوڵەکانی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لەو کاتەوە شکستیان هێناوە.
پەیماننامەی سیڤەر دوو ساڵ دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی واژۆ کرا و لەسەردەمێکدا بوو شتێک بە ناوی ئیمپراتۆری عوسمانی نەمابوو کە زۆرینەی خاکی کوردستانی لەبەردەستدابوو. بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن و وڵاتانی هاوپەیمان کە لە جەنگی یەکەمی جیهانیی سەرکەوتوو ببوون واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کرد لە بەرانبەریشدا نوێنەرانی دەوڵەتی شکستخواردووی عوسمانی بەشدار بوون و بەندەکانی پەیمانەکەیان پەسند کرد.
پێش واژۆكردنی سیڤهر، بڕیار ئهوه بوو كه كوردستان بكرێته بهشێك له ئهرمینیا یان توركیا و مافی خۆبهڕێوهبهری تهواوهتیان پێ بدرێت، كه له ڕۆژههڵاتی فوراتهوه تا سنوورهكانی ئێران درێژ دهبووهوه، بهڵام نوێنەرانی کورد لەوانەش شهریف پاشا بەمە ڕازی نەبوو. شەریف پاشا پێشتر بهرپرسێكی باڵای عوسمانییهكان بوو. لە ئەنجامی رێککەوتنەکە ههمووان ڕازی بوون كه مافی دهوڵهت بە کۆمەڵێک مەرجەوە بە کورد بدرێت.
پەیمانی سیڤەر پەیمانێکی گشتگیر و بەرفراوان بوو کە لە سەر زۆربەی پرسەکانی پێوەندیداربە ئیمپراتۆری رووخاو بە مادەی تایبەتیی کێشەکانی یەکلایی کردبووەوە. ئەوەی زیاتر پێوەندی بە کوردەوە هەبوو سێ مادەی ٦٢, ٦٣ و ٦٤ بوون.
بەگوێرەی مادەی ٦٢ لیژنەیەک، کە مەڵبەندەکەی لە ئیستانبوڵ دەبێت و لە سێ ئەندام پێک دێت، لە هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو دەسەڵات و مافە بۆ کورد شەش مانگ دیاری دەکرێ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی کوردیان تێدایە و کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی فورات و باشووری خۆرئاوای ئەرمینیا و ئەو شوێنانەی دواتر دەستنیشان دەکرێن. سنوورێکیش بۆ جیاکردنەوەی تورکیا، لە سووریا و عێراق، دیاری دەکرێت، کە لە دەقی دووەم و سێیەمی بڕگەی دووی بەندی ٢٧دا هاتووە. بەڵام لە کاتی رێکنەکەوتن لەسەر هەر بابەتێک، ئەوا ئەندامانی لیژنەکە حکوومەتەکانیان ئاگادار دەکەنەوە. پێویستیشە ئەم پڕۆژەیە گەرەنتیی تەواوی مافەکانی کلدان و ئاشووری و کەمایەتی و رەگەز و ئایینی تری نێو ئەم ناوچانە بکات، لەبەر ئەوە لیژنەیەک لە نوێنەرانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و-ئێران- و کورد، دەگەڕێت بۆ پشکنین و بڕیاردانی راستکردنەوەکە، ئەگەر بینرا پێویستە دەربارەی سنووری تورکیاش بڕیار بدرێت. چونکە بەپێی بەندەکانی ئەم پەیمانە، سنووری ئاماژەپێکراو، لەگەڵ ئێران-یشدا پەیڕەو دەکرێت.
وەک لە مادەی ٦٣ دا هاتووە حکوومەتی عوسمانی، پەیمان دەدات لە ماوەی ٣ مانگدا لەو مێژووەوە کە تیایدا ئاگادار دەکرێت، بڕیارەکانی هەردوو لیژنە، کە لە بەندی ٦٧دا باس کراون، لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێیان بکات.
بە پێی مادەی ٦٤ ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچە دەستنیشانکراوانە، کە لە بەندی ٦٢دا هاتوون، داوایەکیان پێشکەش بە کۆمەڵی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیا ببنەوە و کۆمەڵەی نێوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پەسندی بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو داوایە جێبەجێ بکات و دەستبەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی لەو ناوچانەدا دەبێت، ئەم دەستبەرداربوونەش بابەتێکی تایبەتی دەبێت لە نێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەستبەرداربووندا، هیچ بەرهەڵستییەک لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمان، ناخرێتە بەرامبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی- موسڵ- دان و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ حکوومەتە سەربەخۆکەی کوردا یەکبگرن.
ئەو پەیمانە باشترین پەیمان بوو کە مافی دەوڵەتی بە کورد دا بەڵام ڕووداوەکانی دواتر ئاراستەی پەیماننامەکەیان گۆڕی و ڕێگری کرد لەوە پەیماننامەکە جێبەجێ بکرێت. تورکەکان کە دواتر بە کەمالیستەکان ناسران، ئەوکات کە باش لە دەرهاویشتەکانی سیڤەر تێگەیشتبوون، هەموو هەوڵێکی خۆیان بەگەڕ خست کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بەلاڕێدا بەرن و کورد بە بەشێکی دانەبڕاو لە تورک حساب بکەن و بۆ ئەو ئامانجەشیان سوودیان لە کۆمەڵێک بەکرێگیراوی کورد وەرگرت و وایان لە وڵاتان گەیاند کە کورد خۆیان بە تورکی کێوی دەزانن و دەیانەوێت هەر لە چوارچێوەی تورکیای نوێدا بمێننەوە.
لە ساڵی ١٩٢٣ بەهێزبوونی زیاتری کەمالیستەکان هۆکار بوو لەوەی پەیماننامەیەکی تر واژۆ بکرێت کە بە پەیماننامەی لۆزان ناسرا و بە پێچەوانەی سیڤەر بە هیچ شێوەیەک باسی لە مافی کورد نەکرد و دواجار کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری رووخاوی عوسمانی بەسەر هەر سێ وڵاتی تورکیا و عێراق و سووریا دابەش بوو.
لەو کاتەوە کورد بە دەیان شۆڕش و راپەڕینی کردووە بەڵام زۆربەیان سەرکوت کراون هەر چەندە دەستکەوتیش لە قۆناغی جیاواز بەدی هاتوون بەڵام هیچ کامێکیان بە دامەزراندنی دەوڵەت کۆتاییان نەهاتووە. لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران کۆماری کوردستان لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی لە ساڵی ١٩٤٦ دروست بوو کە ئەویش دوای ١١ مانگ رووخێنرا.
دوای ١٠٦ ساڵ تەنیا دان بەوە نراوە کە خەڵکێک لە تورکیا هەن کوردن بێ ئەوەی باس لە مافی نەتەوەییان بکرێت . لەو پارچەیەی بە عێراق بڕاوە، هەرێمی کوردستان دروست بووە بەڵام سەرەڕای دانپێدانانی نێودەوڵەتی و پاڵپشتیی دەستووری، بەغدا و نەیارانی بۆ لەناوبردنی ئەم دەستکەوتانە تێدەکۆشن و دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببەن و ئەو مافە کەمەش بە ڕەوا نازانن. لە رۆژئاوای کوردستانیش کورد توانی جۆرێک دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری دروست بکات بەڵام ئەویش لە هێرش و داگیرکاری پارێزراو نەبووە و تەنانەت ئەو خۆبەڕێوەبەریەش پێیان بە رەوا نەزانراوە و دیمەشق هەموو هەوڵێک دەدات تەواوی دام و دەزگاکانی تێکەڵاوی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بکات. لە رۆژهەڵاتی کورستانیش هەر بە ژێردەستی ماوەتەوە و تەنانەت مافی خوێندن بە زمانی دایکیشی پێ رەوا نابینرێت.
زیاتر لە پەنجا ملیۆن کورد هەن کە بێ دەوڵەتن و کورد بە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیهاندا هەژمار دەکرێت، دەوڵەت و شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان خەونی هەموو تاکێکی کوردە و ئەگەر سەد و شەش ساڵی دیکەش بەسەر سیڤەر تێپەڕێت و هەموو ئەو جینۆساید و ستەم و کۆمەڵکوژییانەی بەسەر کورددا هێنران دووبارە بکرێنەوە ، هێشتا کورد واز لە بەدیهێنانی ئەو خەونەی ناهێنێت.

