رۆژنامەی ھەولێر

١٠ کۆمپانیای ناوخۆیی گەنم لە جووتیاران دەکڕنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەردەوامە، دە کۆمپانیای ناوخۆیی گەنم لە جووتیاران دەکڕنەوە. ئەندامێکی ژووری بازرگانی ھەولێر، ئاشکرای دەکات، تا ئێستا کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ٢٥٠ ھەزار تۆن گەنمیان لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە، پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت کە چاوەڕوان دەکرێت بگاتە ٦٠٠ ھەزار تۆن.

بەپێی ئامارەکان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٥ ھەزار جووتیار لەسەر ڕووبەری زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی گەنم دەچێنن. وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ٢٩٢ تۆن گەنم لەناو پلان و ١٠٨ تۆنیش لە دەرەوەی پلان لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگرت، ئەمە لە کاتێکدایە بەرھەمی ئەمساڵی گەنم زیاتر لە ملیۆنێک و نیو تۆن بوو.
ساڵانە لە مانگی ئایاردا، وەرزی دروێنە لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و وادەی چاندن و دروێنەکردن بەپێی شوێنی جوگرافی لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی ھەیە.
دروێنە بە ئامێری دەڕاسە دەکرێت کە دەغڵودانەکە دەکات بە دوو بەشەوە، بەشێکیان جۆ یان گەنمەکەیە و بەشێکی دیکەشیان قەسەرە کە دواتر دەکوترێتەوە و دەکرێتە کا و وەکو ئالیک دەدرێت بە ئاژەڵ.
ئیبراھیم محەممەد، ئەندامی ژووری بازرگانی ھەولێر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: وەکو ژووری بازرگانی ھەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، دەستەی وەبەرھێنان و بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی ھەولێر ھەماھەنگییەکی باشمان دروست کردووە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو گەنمەی لای جووتیاران ماوە وەربگرین.
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی ھەولێر، گوتیشی: دە کۆمپانیا ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ وەرگرتنی گەنم، تا ئێستا ٢٥٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، بەردەوامیش دەبین لە وەرگرتنی گەنم، ئەو گەنمەش بۆ دەرەوە ناچێت و بۆ کارگەکانی ناوخۆ ڕەوانە دەکرێت و وەکو ئالیک و عەلەف بەکاردێت.
کەرتی کشتوکاڵ ژێرخانێکی ئابووری و بازرگانی و گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە بۆ ھەر وڵاتێک. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: نرخی وەرگرتنی گەنم لەناو پلاندا ٧٠٠ ھەزار دینار بوو، بەڵام دەرەوەی پلان بە ٥٠٠ ھەزار دینار وەردەگیرا.
شایانی باسە حکوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ بڕی ئەو گەنمەی لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگرت ٤٠٠ ھەزار تۆن بوو، ١٥٠ ھەزار تۆن سلێمانی، ھەولێر ١٢٢ ھەزار تۆن، دھۆک ١١٦ ھەزار تۆن و پارێزگای ھەڵەبجەش ١٢ ھەزار تۆن.