رۆژنامەی ھەولێر

ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری کاروباری شەهید و ئەنفالکراوانی پارێزگای دهۆک: لە باشترین شوێنی دهۆک کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان پارچە زەوی وەردەگرن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڕێوەبەری کاروباری شەھید و ئەنفالکراوانی پارێزگای دھۆک، دەڵێت، لە ماوەیەکی نزیکدا ١٩٧ وارسی شەھید لە باشترین شوێنی دھۆک پارچە زەوی وەردەگرن، لە ھەمان کاتدا ٣٠٠ خێزانی دیکەش ناوەکانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانە کراوە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەوانیش پارچە زەوی وەردەگرن.

ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری کاروباری شەھید و ئەنفالکراوانی پارێزگای دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە ھەتا ئێستا یەک پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان دابەش نەکراوە، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ژمارەیەک لە کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان پارچە زەوی وەردەگرن کە ژمارەیان ١٩٧ کەس دەبێت، لەلایەکی دیکەوە نزیکەی ٣٠٠ خێزانی دیکە ناوەکانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانە کراوە دوای گەڕانەوەی ڕەزامەندی پارچە زەوی بەسەر ئەوانیشدا دابەش دەکرێت.
سەبارەت بەوەی ئەو پارچە زەوییانە لە چ شوێنێکی دھۆک دابەشدەکرێن. بەڕێوەبەری کاروباری شەھید و ئەنفالکراوانی پارێزگای دھۆک، گوتیشی: ئەو پارچە زەوییانەی بۆ وارسی شەھیدان دابین کراوە، لە باشترین شوێنی دھۆکە، ھەر بۆ ئەو مەبەستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکە بەتایبەتی پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی ھەوڵ دەدەن شوێنی زۆر باش بۆ کەسوکاری شەھیدان دابین بکەن.
شایانی باسە لە سنووری پارێزگای دھۆک نزیکەی ١٢ ھەزار شەھید ھەنە کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەھید و ئەنفالکراوانی پارێزگای دھۆک تۆمار کراون، پرۆسەی دابەشکردنی پارچە زەوی لەلایەن حکوومەتی ھەرێم لەسەر کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان بەردەوامە، تەنیا نزیکەی ٥٠٠ کەسوکاری شەھیدان ھەتا ئێستا ماون پارچە زەوییان وەرنەگرتووە، داواکاری ئەوانیش ئەوەیە وەکو ھەر کەسێکی دیکە پارچە زەوییان پێ بدرێت و لەو بڕیارەی حکوومەت سوودمەند بن.