رۆژنامەی ھەولێر

دڵزار سەردار، بەرپرسی کەمپینی کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانە گشتیەکەی چەمچەماڵ: کەمپینەکە سەری گرت و توانیمان ١٠هەزار کتێب کۆ بکەینەوە و بە دیاری ڕادەستی کتێبخانە گشتیەکەی چەمچەماڵی بکەین

عەبدولقەهار هەوڵێری/ هۆڵەندا

دڵزار سەردار، بەرپرسی کەمپینی کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانە گشتیەکەی چەمچەماڵ تایبەت بە “هەولێر” گوتی:” کەمپینەکە سەری گرت و توانیمان ١٠هەزار کتێب کۆ بکەینەوە و بە دیاری ڕادەستی کتێبخانە گشتیەکەی چەمچەماڵی بکەین”. گوتیشی:” ئامانجمان تەنها دابینکردنی کتێب نەبوو، بەڵکو دەمانویست کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دووبارە وەک سەرچاوەیەکی زانستی و کولتووری، دەروازەکانی بەڕووی خوێنەران، خوێندکاران و توێژەران بکاتەوە”.

سەرەتا باسمان بۆ بکە، ئەم کەمپینە چۆن دەستی پێ کرد؟
دوای ئەو لافاوەی کە قەزای چەمچەماڵی گرتەوە، کتێبخانە گشتیەکەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەردەکەوت و هەزاران کتێب و سەرچاوەی زانستی و کولتووری لەناو چوون. ئەو دیمەنە هاندەرێکی گەورە بوو بۆ ئەوەی هەموومان هاوکار بین بۆ ژیاندنەوەی ئەم ناوەندە کولتووریە و دەست بکەین بە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کتێب.
ئامانجە سەرەکیەکەی ئەم هەڵمەتە چی بوو؟
ئامانجمان تەنها دابینکردنی کتێب نەبوو، بەڵکو دەمانویست کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دووبارە وەک سەرچاوەیەکی زانستی و کولتووری، دەروازەکانی بەڕووی خوێنەران، خوێندکاران و توێژەران بکاتەوە و ڕۆڵی گرنگی خۆی لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا بگەڕێنێتەوە.
ئەنجامی کەمپینەکە چۆن بوو؟
بە خۆشیەوە، کەمپینەکە سەری گرت و توانیمان ١٠هەزار کتێب کۆ بکەینەوە و وەک بەخشین ڕادەستی کتێبخانە گشتیەکەی چەمچەماڵی بکەین. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەپێزکردنەوەی ئەو کتێبخانەیە.
کام لایەن و دامەزراوانە پشتگیرییان لەم هەڵمەتە کرد؟
ئەم هەڵمەتە بە هاوکاری و پشتگیریی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کتێبخانە گشتیەکەی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری، کتێبخانەکانی مەسیف، شەقڵاوە و هیران، هەروەها بە بەشداریی نووسەران، خوێندکاران و فەرمانبەرانی کتێبخانە گشتیەکەی هەولێر جێبەجێ کرا. هەموویان بە دڵسۆزی و هەستی بەرپرسیارەتیەوە بەشدارییان کرد.
ئەم هەڵمەتە چ پەیامێکی بۆ کۆمەڵگە هەیە؟
ئەوەی ڕووی دا تەنها گواستنەوەی کتێب نەبوو، بەڵکو نیشاندەری هاوپشتی، هاوسۆزی و یەکگرتوویی بوو. ئەم ئەزموونە سەلماندی کە پاراستنی کتێب، زانیاری و دامەزراوە کولتوورییەکان ئەرکێکی هاوبەشی هەمووانە و کاتێک دەست بە دەست یەک بدەین، دەتوانین زیانە گەورەکانیش قەرەبوو بکەینەوە.
پەیامی کۆتاییتان چیە بۆ ئەوانەی بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کرد؟
لەم ڕێگەیەوە سپاسی هەموو دامەزراوان، نووسەران، خوێندکاران، فەرمانبەران و تاکەکەسان دەکەم کە هەریەکەو بە شێوەیەک پشتگیرییان لەم هەڵمەتە کرد. ئەگەر ئەو هاوکاری و دڵسۆزیە نەبووایە، گەیشتن بە ئەم ئەنجامە مەحاڵ بوو. هیوادارم ئەم ڕۆحی هاوکاریکردنە هەمیشە بەردەوام بێت و هەموومان پارێزەری کتێب و زانیاری بین.