رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرێکیان لە باڵەخانەیەکی شەقامی 40 مەتری کۆنترۆڵ کرد

ئەمڕۆ شەممە، ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی بازرگانی و پزیشکی لە شاری هەولێر ڕوویدا و تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانییان لە ماوەیەکی کورتدا ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بکەن.

شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند؛ کاتژمێر 5:50 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی ئاگرێک لە باڵەخانەی “لایف فارما” لەسەر شەقامی 40 مەتریی شاری هەولێر.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاگرەکە لە مۆلیدەی سەرەوەی باڵەخانەکە کەوتووەتەوە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاشکرای کرد، کە 4 تیمی ئاگرکوژێنەوە بە یاوەری 4 ئۆتۆمبێلی تایبەت و ئۆتۆمبێلێکی سولاڵم (پەیژەدار) بۆ ڕزگارکردن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. توانراوە لە ماوەی تەنها 30 خولەکدا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.

شاخەوان سەعید دڵنیایی دا کە خۆشبەختانە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و تەنها زیانی ماددی بە مۆلیدەی باڵەخانەکە گەیشتووە