ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا (22ی تەممووزی 2026)، هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر بەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانە وەرگرت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خاکی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە توندترین شێوە ئەو هێرشانەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند کە “هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نەبووە لە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە”. حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بۆردومانانە تەنها پەکخستنی ئاسایشی هەرێم نییە، بەڵکو هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی تەواوی ئارامیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک “فاکتەرێکی ئاشتی و سەقامگیری” ماوەتەوە و داوای کرد کە دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشانە بهێنرێت. ئەم پەیامەی حکومەت لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر بارگرژییەکی توندی نێوان ئێران و ئەمریکادایە و هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت بکرێتە قوربانیی ململانێی لایەنە دەرەکییەکان و زیان بە ژێرخان و سەلامەتیی هاووڵاتییانی بگات.
لە 11 شەوەی ململانێی توندی نێوان واشنتۆن و تاراندا، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ناو جەرگەی هێرشە پەرچەکردارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە تێیدا لە لایەکەوە بەهۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر هەولێر سەربازێکی ئەمریکی بە ناوی مایکل ئیمانوێل سوینتۆن کوژرا و لە لایەکی دیکەشەوە ئێوارەی ئەمڕۆ 22ی تەممووز، سپای پاسداران بە مووشەکی جۆری ‘خەیبەری کەرار’ بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی لە دۆڵی ئالانەی سنووری سۆران بۆردومان کرد و تێیدا 6 پێشمەرگە بریندار بوون، کە بەمەش ژمارەی گشتیی ئەو مووشەک و درۆنانەی لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوە شوێنەکانی کۆمەڵەیان کردووەتە ئامانج گەیشتە زیاتر لە 94 دانە؛ ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی کە تاران خاکی هەرێمی کوردستان وەک مەیدانێکی سەرەکی بۆ فشارخستنە سەر سێنتکۆم و لێدانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات بەکاردەهێنێت

