رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستايشى ڕۆڵى کونسوڵی گشتیی فەرەنسا دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ژيان و ئەرک و وێستگەی داهاتووی کارکردنیدا بۆ خواست.

ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تەمووز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە وەک کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە یان برێم، کرد.

لە دیدارێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانينی پێشكه‌ش به‌ یان برێم کرد بۆ خزمه‌ت و ڕۆڵى بەرچاوى لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندييه‌كان و دۆستايه‌تيى نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، هەروەها هیوای سەرکەوتنی لە ژيان و ئەرک و وێستگەی داهاتووی کارکردنیدا بۆ خواست.

لای خۆیەوە، یان برێم خۆشحاڵی و شانازیی خۆی بۆ کارکردنی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی بۆ نێچیرڤان بارزانی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئەو پشتگيرى و ئاسانكارييه‌ى لە ماوەی ئەرکەکەیدا پێشكه‌شيان كردووه‌.

جەختكردنه‌وه‌ له‌ خواستی دوولايه‌نه‌ بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش، دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.