ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 4094 سزادراو بۆ بەسەربردنی ماوەی حوکمەکانیان هێنراونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازیی گەوران، ژنان و منداڵان لە هەر سێ پارێزگاکە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بۆ میدیاکان ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو، ڕایگەیاند؛ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 4094 سزادراو بۆ بەسەربردنی ماوەی حوکمەکانیان هێنراونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازیی گەوران، ژنان و منداڵان لە هەر سێ پارێزگاکە. لە هەمان کاتدا 3565 مامەڵەی ئازادبوونی سزادراوان کراوە و گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان، هەروەها 676 سزادراو بە مەرج ئازاد کراون. وتیشی؛ لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار سزادراو ئازاد کراون و سەدان سزادراو لە سەنتەرەکانی چارەسەری مادەی هۆشبەر سوودمەند بوون.
هاوکات مۆڵەتی چوونەوە ماڵەوە دراوەتە 161 سزادراو و 3880 سزادراویش سوودمەند بوون لە خزمەتگوزاریی ژوانگەی خێزانی. گوتیشی، لەو شەش مانگەدا 238 خولی راهێنان، سیمینار و وۆرک شۆپ بۆ کارمەندان و سزادراوان کراونەتەوە، 73 گوتاری ئایینیش لە ناو چاکسازییەکان پێشکەش کراون.
سەبارەت بە سەنتەرەکانی راهێنانەوەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر، بەڕێوەبەری گشتی روونیکردەوە، لەو ماوەیەدا 226 سزادراو لە گرووپەکان بەشدارییان کردووە و سوودمەند بوون لە چارەسەرە تەندروستییەکانی ئەو سەنتەرانە، 10 سزادراویش بە لێبوردنی تایبەت ئازاد کراون.
دەربارەی پرۆسەی خوێندن رایگەیاند، 534 سزادراو لە ناو قوتابخانەکانی چاکسازی دەیانخوێند، 35864 سەردانیش لەلایەن سزادراوانەوە بۆ کتێبخانەی چاکسازی کراوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان پلانی شەش مانگی داهاتووی خستەروو، دواتر وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە دۆخی سزادراوان و ئەو کێشە و گرفتانەی لە ناو چاکسازییەکان هەیە و بوونەتە رێگر لە دابینکردنی پێداویستییەکانی سزادراوان و بەرەوپێشبردنی رەوشی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان.

