ڕائیب جادر – هەولێر
شۆڕشی ئاوەدانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوامە، کۆتایی بە قیڕتاوکردنی ڕێگەی دوو گوندی سنوورەکە بە درێژایی نزیکەی ٤ کیلۆمەتر و بەگوژمەی ٥٣٧ ملیۆن دینار ھات، ئەو ڕێگەیە چەندین گوندی سنووری لە ھەر دوو ناحیەی دەرکار و بێگوڤا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئاسانکارییەکی زۆریش بۆ خەڵکی ناوچەکە و جووتیاران دەکات.
ئەو پڕۆژەیە دڵخۆشییەکی گەورەی لای ھاووڵاتییان و جووتیاران دروست کردووە، وەکو خۆیان، دەڵێن، قیڕتاوکردنی ڕێگەکە ئاستەنگی چەندین ساڵی ھاتووچۆ بە کۆتا دێنێت، سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین کە ئەو ڕێگەی بۆ ئێمە چاک کرد، چونکە پێشتر ھەموو ببووە قۆرت و تاسە و لە وەرزی زستان توشی کێشەیەکی زۆر دەبووینەوە.
بەرپرسانی ھەر دوو ناحیەی دەرکارێ و بێگوڤا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، کۆتایی بە قیڕتاوکردنی ڕێگەی ھەر دوو گوندی ناڤکەندالا و سەرسولاڤکێ بەدرێژایی ٣ کیلۆمەتر و ٦٠٠ مەتر ھات.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، پڕۆژەکە لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بە گوژمەی ٥٣٧ ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و خەڵکی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبن لە ھەمان کاتدا ئاسانکاری زۆر بۆ خەڵکی ناوچەکە دەکات و لەڕووی کشتوکاڵییەوە جووتیاران سوودێکی زۆر لێ وەردەگرن.
بەرپرسانی ئەو دوو ناحیە، زیاتر دەڵێن، لە داھاتوودا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ لەو دوو سنوورە دەکەونە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە، بە تەواوبوونیان خزمەتێکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکەن.

