وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و رێگریکردن لە بەکارهێنانی نادروست و مەترسیداری دەرمان، رێنمایی و رێکاری توندی لە بارەی هاوردەکردن، فرۆشتن و بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە دەرکرد کە بۆ لەباربردنی کۆرپەلە بەکاردەهێنرێن.
بەپێی رێنماییەکە، هاوردەکردنی ئەم دەرمانانە تەنیا بۆ ئەو کۆمپانیا و بریکارانە رێگەپێدراوە کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و بە پێی رێسا و رێنماییەکانی وەزارەت کار دەکەن.
هەروەها لە نووسراوەکەدا بە روونی هاتووە، بە هیچ شێوازێک نابێت ئەم جۆرە دەرمانانە لە دەرمانخانەکاندا بەبێ رەچەتەی فەرمی پزیشکی پسپۆڕیی ئافرەتان و منداڵبوون بدرێن بە هاووڵاتییان، بەمەش فرۆشتنی ئەم دەرمانانە بە شێوازی ئازاد بە تەواوی قەدەخە دەکرێت.
دەرمانەکان ئەمانەن:
-Mifepristone
-Misoprostol
-Dinoprostone
-Carboprost
-Methotrexate
-Oxytocin
-Ergometrine
-High dose combined oral contraceptives

