رۆژنامەی ھەولێر

یەکەمین خولی مەشق و ڕاهێنانی هاوبەشی دەڤەری 1 و 2ـی هێزی پێشمەرگە دەستی پێ کرد

یەکەمین خولی مەشق و ڕاهێنانی هاوبەشی تایبەت بە پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار بۆ دەڤەری 1 و 2ـی هێزی پێشمەرگە دەستی پێ کرد و فەرماندەی دەڤەری یەک دەڵێت، پێویستە ڕیزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای دڵسۆزی، خۆشەویستی و وەفاداری بۆ نیشتمان پەروەردە بکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی حوزەیرانی 2026، لە بارەگای دەڤەری یەک، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان، فەریق ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی، د. نەجات عەلی، فەرماندەی دەڤەری یەک، فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک، کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی گرووپی سەربازیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئەرکانی دەڤەری دوو و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، یەکەمین خولی مەشق و ڕاهێنانی هاوبەشی تایبەت بە پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار بۆ دەڤەری 1 و 2ـی هێزی پێشمەرگە دەستی پێ کرد.

ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی خولەکە بە سروودی نیشتمانیی (ئەی ڕەقیب) دەستی پێ کرد. پاشان د. نەجات عەلی، فەرماندەی دەڤەری یەک لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: هاوکێشە و دۆخی ئێستای ناوچەکە، وەک پێویستییەکی حەتمی داوامان لێ دەکات هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەین. لەم قۆناغەدا، ئەرکی سەرەکیمان ئەوەیە لەشکرەکەمان بە تەواوی بەسەربازی بکەین و بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی پڕچەکیان بکەین. هاوكات پێویستە ڕیزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای دڵسۆزی، خۆشەویستی و وەفاداری بۆ نیشتمان پەروەردە بکەین.

فەرماندەی دەڤەری یەک ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ پڕیشکی شەڕ و ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و سروشتی هەڕەشەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. بۆیە داوا لە هاوپەیمانان دەکەین پشتیوانمان بن لە پێداچوونەوە و دەستنیشانکردنی ئەم مەترسیانە و هاوکارمان بن لە بەدەستهێنانی ئەو چەکە پێشکەوتووانەی کە پێگەی دەستووری و قەوارەی هەرێم دەپارێزن. هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێم بەڕوونی ئەوە دەسەلمێنن کە جگە لە داعش، مەترسی و هەڕەشەی دیکەی نوێ لە ئارادان، ئەمەش وا دەخوازێت هاوپەیمانان هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان چڕتر بکەنەوە.

لەلایەن خۆشییەوە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە گوتارەکەیدا جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە و ڕایگەیاند: ئەم ڕاهێنانە سەربازییەی کە بۆ ئەفسەرانی باڵای هەردوو فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو ڕێکخراوە، وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەنگاوێکی ستراتیژییە بەرەو یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو.

وەزیری پێشمەرگە گوتی: هێزی پێشمەرگە تەنها هێزێکی چەکداری کاتی نییە، بەڵکوو ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی کوردستانە، بەهێزبوونی پێشمەرگەش ڕاستەوخۆ بە واتای سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایش دێت لە تەواوی ناوچەکەدا، پێشمەرگە ئێستا لە قۆناغێکی نوێی بنیاتنان و گەشەسەندندایە بۆ پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و هەنگاوی پێکهێنانی دوو دەڤەری سەرکردایەتیی سەربازی و 11 فیرقەی پیادە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بازدانێکی گەورەیە بەرەو دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی و مۆدێرن.

لە بەردەوامی رێوڕەسمی خولەکەدا، کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی گرووپی سەربازیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەم بۆنەیەدا لەگەڵ ئێوەدام، ئێمە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەم خولەدا هاوشانتان بەردەوام دەبین، بەڵام پێویستە بزانن کە ئەمە تەنها مەشقێکی سەربازیی ئاسایی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایە، ئەم هەنگاوە گوزارشت لە پابەندبوونی تەواوی ئێمە دەکات بەو پڕۆسەی چاکسازییەی کە پێکەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەستمان پێکردووە؛ ئامانجی سەرەکیمان سەرخستنی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، کە هیوادارین لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بەرهەمەکەی ببینین.”

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، مێجەر سوانسن وەک نوێنەری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کوردستان، تیشکی خستە سەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خولەکە و ڕایگەیاند: “مەبەست لەم خولە، پەرەپێدانی لایەنە هۆشیاری و تاکتیکیەکانی ئەفسەرانە. لێرەوە سوپاسی فەرماندەیی هەردوو دەڤەری یەک و دوو دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم خولە هاوبەشە کە لە ژێر چاودێری و بڕیارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەڕێوەدەچێت، لە کۆتاییدا، جارێکی دیکە پابەندیی نەگۆڕی هێزەکانی هاوپەیمانان دووپات دەکەینەوە بۆ بەردەوامیدان بە هەماهەنگی، هاوکاری و پشتیوانیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە تەواوی قۆناغەکاندا”.