رۆژنامەی ھەولێر

کاتی ئەوە هاتووە پەرلەمان کۆبێتەوە و کابینەی دەیەم دابمەزرێنرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

نزیکەی بیست مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەرێت و خەریکە خەڵک کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیان بە تەواوی بیر دەچێتەوە بەڵام نەتوانراوە کابینەی دەیەم دابمەزرێنرێت. خەڵک لە بیستی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەو هیوایە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد هەر چی زووە پەرلەمان نوێ بکرێتەوە و دامەزراوەی یاسادانان چالاک بکرێت و کابینەی نوێی حکوومەت دابمەزرێنرێت. تا ئەم ساتە ئەمە ڕووی نەداوە هەرچەندە هەوڵی جۆراوجۆر بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و پێکهێنانی کابینە دراوە.

بەهۆی ئەوەی کە هیچ لایەنێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە زۆرینەی ڕەهای کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە دامەزراندنی کابینەی دەیەم هاوشێوەی زۆرێک لە کابینەکانی تری کوردستان کابینەیەکی هاوپەیمانی دەبێت. بەپێی یاسا پەنجا و یەک کورسیی پەرلەمان بۆی هەیە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دیاری بکات. بەڵام هیچ هاوپەیمانێتییەک تا ئێستا نەیتوانیەوە ئەو ژمارە کورسییە کۆ بکاتەوە و هەوڵی دامەزراندنی کابینە بدات.
تایبەتمەندیی سیاسی، مێژوویی و جیوستراتیژیی و تەنانەت دۆخی ئیداریی هەرێمی کوردستان ئەوە دەخوازێت لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی پێگە وقورسایی خۆیان دەست بۆ هاوپەیمانێتی و پێکهێنانی کابینە بەرن و هەرێمی کوردستان لەو دۆخە ڕزگار بکەن.
لەوەتەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کراوە چەندین وڵات هەڵبژاردنیان کرد و کابینەیان دامەزراند، بەو عێراقەشەوە کە ساڵێک دوای هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی کرد کەچی سەرەڕای ئەو ناکۆکییە زۆرەی لە ئاستی عێراق و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیش لەئارادابوو، کابینە دامەزرێنرا.
هەر لە نزیک خۆمان دوو جەنگی گەورە کرا، جەنگەکانیش تەواو بوون و لایەنەکانی جەنگیش لەگەڵ یەکتر کەوتنە دانوستان کەچی لە وڵاتەکەی لەمەڕ خۆمان نە بای دێت و نە بارانە. لە هەفتەکانی ڕابردوودا دوای دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دامەزراندنی کابینە ئومێدێک هەبوو خەریکە ئەو ئومێدەش نامێنێت و دەنگی ناشاز لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان هەن کە بە داخەوە بیر لە بەرژەوەندی و چارەنووسی هەرێمی کوردستان ناکەنەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە سی و نۆ کورسی بەدەست هێناوە ئەو مافەی هەبووە دەستپێشخەری بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکات و لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ بکات و حکوومەتی داهاتوو دابمەزرێنێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دووەم براوەی هەڵبژاردنە و بیست و سێ کورسی بەدەست هێناوە.
یەکێتی و پارتی چەندین گەڕی جیاواز دانوستانیان هەبووە و لەسەر کۆمەڵێک خاڵی گرنگ بە لێکتێگەیشتن گەیشتوون بەڵام تا ئێستا دەرەنجامی کردارییان نەبووە.
ئێوارەی شەممە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەر لەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی، لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خەمخۆری بۆ بارودۆخی هەرێم، هەوڵەکانیان دەست پێ کردووە بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسای بەرکار.
هەروەها روون کراوەتەوە سەرەڕای پەیام و پەیوەندی و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆك بارزانی و پارتی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە لە چارەسەری ئەو کێشانەی کە بەربەستن لە بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بە خستنەڕووی ژمارەیەک سیناریۆ و ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییەی ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسیی هەرێم بووەتەوە، ئەویش لە ڕێگەی کۆبوونەوەی دووقۆڵی و چەندقۆڵی، دەستپێشخەری، پێکهێنانی شاند، پەیام و سەردان، بەڵام بەداخەوە بەدەنگەوەهاتن و هەڵوێستی ئەرێنیی پێویست بەرچاو نەکەوت.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا دووپات کراوەتەوە، بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقییان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچی زووتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستا، کە جگە لە زیانگەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستکەوتەکان، بۆ هیچ لایەک سوودی تێدا نابینرێت.
لە کۆتاییداهاتووە، بۆیە کاتێک کۆبوونەوە و شاند و سەردان و پەیامەکان، هەروەها هەوڵەکانمان لە گواستنەوەی باس و گفتوگۆی کێشەکان لەسەر شەقام و ڕاگەیاندنەکانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بێ ئاکام بێت، فەرموون لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەی کورسییان زۆرە و چ ئەوانەی کورسیی کەمتریان هەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، و هەموو لایەکمان پابەندی ئەو ڕێگەچارەسەرە بڕیارلێدراوەی پەرلەمانی کوردستان دەبین.
هەر چییەک بێ ماوەیەکی زۆر بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و دواخستنی دامەزراندنی حکوومەت لە قازانجی هەرێمی کوردستاندا نییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش حەز دەکات هەرچی زووە حکوومەتەکە دابمەزرێت بۆ ئەوەی بە هەناسەیەکی نوێ ڕووبەڕوووی ئاڵنگارییە نوێیەکانی ناوچەکە ببێتەوە و خۆی بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکات.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکاریدایە و کوردستان بووەتە چەقی هاوکێشە سیاسییە ناوچەیی و جیهانییەکان و بۆیەش هەبوونی حکوومەتێکی تۆکمە و یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان بە پێویستییەکی هەنووکەیی دادەنرێت.
خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستانن بۆ ئەوەی بە هەناسەیەکی نوێ بتوانێت لە لایەک کێشەکانی لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە و لە لایەکی تر هەنگاوی جددی بۆ کۆتاییهێنان بە بەشێک لەو کێشانە بنێت کە بەربینگی بە خەڵکی کوردستان گرتووە و پەرلەمانیش بە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی هەڵبستێت کە دانانی یاسا و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە.