رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەت هەوڵ دەدات بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەت ھەوڵ دەدات بازاڕی نوێ بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ھەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە و ڕێگە نەدات ماندووبوون و ڕەنجی جووتیاران بەفیڕۆ بچێت. بەڕێوەبەری بازرگانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، زیاتر لە ١٥٧ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە سایلۆیەکان وەرگیراوە. وتەبێژەی دەستەی وەبەرھێنانیش، دەڵێت، دوو کۆمپانیا گەنمی ماوەی جووتیاران لە دەرەوەی پلانی حکوومەت وەردەگرن و ھەناردەی دەرەوە دەکەن.

لە ١٢ی ٦ دەست کراوە بە وەرگرتنی گەنم لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت ھەر کێشەیەک ھەبێت لە چارەکردنی گەنم چارە کراوە، بەتایبەتی کێشەی گەنمی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان، بەرپرسانی وەرگرتنی گەنم، دەڵێن، ھەوڵدەدەین لە کاتی خۆی ئەو گەنمەی بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە وەربگرین کە ٤٠٠ ھەزار تۆنە، کە تا ١٠ی مانگی ٧ وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بەردەوام دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرھەمی گەنمی ھەرێمی کوردستان بگاتە دوو ملیۆن تۆن.
لە کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران یەکێک بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و لەوبارەیەوە لیژنەیەک بۆ وەرگرتنی ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە پێکھێندراوە و بەمزووانە لیژنەکە دەستبەکاردەبێت.
بە گوێرەی داتاکان، لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٥ ھەزار جووتیار لەسەر ڕووبەری زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی گەنم دادەچێنن و ساڵانە ملیۆنان تۆن گەنم بەرھەمدەھێنن. ئەمساڵیش بەھۆی زۆری رێژەی باران بارین، پێشبینی دەکرێت بەرھەمێکی باشی گەنم لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمبھێندرێت.
تا ئێستا کۆی گەنمی وەرگیراو لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیۆن و ١٠٠ ھەزار تۆن، پێشبینیش دەکرێت کۆی گشتی بگاتە پێنج ملیۆن تۆن، ئێستا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی ھاتووە، بەڵام سایلۆکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، کەرکووک و نەینەوا بۆ وەرگرتنی بەرھەمی جووتیاران کراوەنە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: وەرگرتنی گەنم لە سایلۆیەکان ١٥٧ ھەزار تۆنی تێپەڕاندووە، پرۆسەکەش بەردەوامە، تا ئێستا وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکان بەو شێوەیە، سلێمانی و ھەڵەبجە ٥٤٤٩٥ تۆن، ھەولێر ٥٤٢٥٦ تۆن، دھۆک ٤٨٤٩٧ تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
سەروەر کەمال ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی، ئاشکرای کرد، لەگەڵ وەزارتی بازرگانی عێراق لەسەر ھێڵن بۆ ئەوەی بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی، باسی لەوەشکرد، چاوەڕێ دەکەن پرۆسەی وەرگرتنی گەنم تا ١٠ ـی تەمموز بەردەوام بێت، سەبارەت بە سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ نۆرەگرتنی جووتیاران، گوتی، یەکەمجارە ئەو سیستمە لەسەر ئاستی عێراق جێبەجێ دەکرێت.
لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ، دوای بڕیاری سەرۆکوەزیران بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، داوا لە کۆمپانیاکان کراوە بەرھەمەکان وەربگرن و ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکەن، ھەندێک لە کۆمپانیاکان پلانی ھەناردەکردنی ١٠ ھەزار تا ٢٠ ھەزار تۆنیان ھەیە، بە تایبەتی بۆ بازاڕی تورکیا، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان نرخێکی گونجاوتر و باشتر پێشکەش دەکات. بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، گوتی: بۆ ساغ بوونەوەی گەنمی جووتیاران کۆبوونەوە لەگەڵ دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت کراوە، وەکو ساڵانی پێشوو گەنم وەربگرن، ئەوەی دیکەش ئەوەیە ھەر وەبەرھێنەرێک بیەوێت گەنمی جووتیاران ھاوردە بکات یاداشتێک دەداتە دەستەکەمان ھەموو ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ دەکەین تا لە ڕسوومات و ھەندێک بابەتی گومرگی ببەخشرێت، بەمەش ھیچ بڕە گەنمێک لای جووتیاران نامێنێتەوە.