گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لەبارەی دەستپێكردنەوەی كاری كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان چەند زانیارییەكی نوێی خستەڕوو.
لە هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان مانگەكانی رابردوو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی كوردستان، زیانێکی زۆر بەر كێڵگە نەوتییەكان کەوتبوو، لەبەر ئەوە بەشێکی زۆری كۆمپانیاكان کاری بەرهەمهێنانیان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕاگرتبوو.
ئەم كۆمپانیا جیهانییانە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی كارەكان و بەرهەمهێنانی نەوت کەمێک کاتیان پێوست بووە، چونکە ئەوان پێویستییان بە ئامادەسازی و نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان هەبووە.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەت لەبارەی دەستپێكردنەوەی كاری كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان نوێترین زانیاری خستەڕوو و لەمبارەیەوە رایگەیاند: ئێستا كۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن) بە بڕی 7000 بەرمیلی ڕۆژانە دەستی بە بەرهەمهێنان کردۆتەوە، كۆمپانیاكە هەروەها رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە کێڵگەی ئەترووش دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە.
پێشەوا هەورامانی هەروەها رایگەیاند: كۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن) لە شێخان ئەمڕۆ چوارشەممە ئەویش دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە.
گوتەبێژی حكوومەت ئاماژەی بەوەش كرد: كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) ڕۆژی هەینی داهاتوو لە هەردوو كێڵگەی نەوتی تاوکێ و فیشخابوور دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەت لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەش كردووە كە كۆمپانیای (هەنت ئۆیڵ) ئەویش بەهەمانشێوە لە ڕۆژی 8ی مانگی داهاتوو (مانگی حەوت) دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە.

