دوێنێ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ده‌رچوونی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە كۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالاندا لە سلێمانی كرد.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وه‌زیر و سوپاسالاری پێشمه‌رگه، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئیداری و سیاسیی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و كەسوكاری قوتابییان و مامۆستا و ڕاهێنەرانی خولەكە، ئاماده بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێز كاكە قوباد تاڵەبانی،
دەرچووانی ئازیز،
ئامادەبووانی خۆشەویست،
ڕۆژتان باش،
هەمووتان زۆر بەخێر بێن، بۆ ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالان لە شاری سلێمانیی خۆشەویست. ئەم دیمەنە پڕ لە دیسپلین و ڕێکخراو و شکۆدارە، جێگەی شانازیی ئێمە و خێزانەکانتان و تەواوی گەلی کوردستانە.
زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزین کە ئەمڕۆ پێکەوە شایەدی دەرچوونی (210) ئەفسەری گەنج و هۆشیار و لێهاتووی کوردستانین. ئەم ئەفسەرانە دوای (9) مانگ لە ماندووبوون و شەونخونی، خولی مەشقی سەربازی، ئەکادیمی و پراکتیکیی خۆیان سه‌ركه‌وتووانه بەکۆتا هێناوە. ئەوان ئیتر وەک هێزێکی نوێ و زانستی دێنە ناو په‌یكه‌ری وەزارەتی پێشمەرگە، تا پەرە بە سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکەمان بدەن.
جێگەی دەستخۆشی و مایەی گەشبینییە کە دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، ئێوه، ئێوەی خۆشەویست خۆبەخشانە، بە ویست و بڕیاری خۆتان هاتوونەتە ناو ڕیزەکانی خوێندنی سەربازی. ئەمە بەرزترین ئاستی دڵسۆزی، ئاگایی و نیشتمانپەروەریی ئێوە پیشان دەدات بۆ گەلی خۆتان.
ئێمە و دایكوباوكتان، دڵسۆزەکانتان، كه‌سوكارتان و هاوكارەكانتان، بەم بڕیارەی ئێوە سەربەرز و دڵخۆشین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین. لە ناخی دڵەوە به گه‌رمی پیرۆزبایی لە ئێوە و لە خێزانە ئازیزیەکانتان دەکەم بۆ ئەم سەركەوتنەی كە بەدەستتان هێناوە. خوای گەورە پشتیوانتان بێت لە ژیان و كارەكانتان سەركەوتوو و سەرفراز و سەربڵند بن.
هەر لێرەدا جەنابی سەرۆك مام جەلال بە ڕێزەوە بەبیر دەهێنینەوە كە لە ساڵی 1992 ئەم كۆلێژە بە فەرمانی جەنابیان دامەزرا بۆ ئەوەی خزمەت بە وڵات و خزمەت بە كوردستان و خزمەت بە تەواوی عێراق بكرێت.
دەرچووانی هێژا،
ناو و پێناسه‌ی پێشمەرگە، زۆر پیرۆزن. پێشمەرگایەتی بەشێکی زێڕین و سەرەکیی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوایەتیمانە. ئەرکی هه‌موومانه کە پارێزگاری لە ناوبانگ و لە شکۆ و لە مێژووی پڕ لە شانازی، لە خه‌بات و قوربانییەکانی پێشمەرگە بکەین. ئەمه‌ش به‌وه ده‌كرێت كه ئێوه‌ی ئازیز و خۆشەویست ده‌بێ له چوارچێوەی هێزێکی یەکگرتوو، پیشەیی و نیشتمانیدا، خزمه‌ت بكه‌ن.
لەم سه‌رده‌مه نوێیەدا، ئەرکی ئێوە تەنیا لە مەیدانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کلاسیک‌دا کورت ناكرێتەوە، به‌ڵكوو پێویستە ئێوە بە گۆڕانکارییەکانی سەردەم، نوێگەری و ڕۆحی داهێنان ڕابێن.
خۆپێگەیاندنی بەردەوام لەڕووی زانستی و پیشەیییەوە، دەبێ ببێتە ستراتیژی کاركردنتان لە کاروانی داهاتووی ژیانتان، گرنگیی پێویست بە فێربوونی تەکنەلۆژیای سەربازیی هاوچەرخ بدەن بۆ ئەوەی هاوتەریبی پێشکه‌وتنەکانی جیهان بن.
ده‌بێ هه‌ستی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیتان به‌هێز بێت و خوێندنه‌وه‌تان بۆ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی ده‌وروبه‌ر هه‌بێت، له هه‌ر بوارێكدا بێت. له مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و توندڕه‌وی و گوتاری ڕقوكینه‌وه، تا ده‌گاته مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان. پێویسته ئاگایی و هۆشیاریتان له‌مباره‌یه‌وه به‌هێز بكه‌ن.
بێگومان، لەپاڵ ئەم ئەرکە پیرۆزەدا، گرنگیدان بە بژێویی ژیانی پێشمەرگە قارەمانەکان و باشترکردنی گوزەرانیان، هەمیشە لە پێشینه‌ی کارەکانی ئێمەدا دەمێنێتەوە، چونکە ئێوە شایەنی ژیانێکی سەربەرزن.
ده‌رچووانی ئازیز،
ئێوه سه‌ركه‌وتووانه قۆناغێكی گرنگتان تێپه‌ڕاند، به‌ڵام بەرپرسیاریەتیتان لەمڕۆوە فراوانتر و قورس‌تر دەبێت. ئێوە دەبێ لە ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا ببنە پارێزەری سەرەکیی چەمکەکانی پێکەوەژیان، لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن.
ئه‌و كولتووره‌ی شانازیی پێوه ده‌كه‌ین و هه‌رێمی كوردستانی کردووەتە لانکەی ئارامی بۆ هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و بووەتە مایەی ڕێز و پێزانینی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئێوە دەبێ پارێزەری چەمک و بەها مەدەنییەکان، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان بن. هیچ کات مەبنە بەشێک و لایەنێکی کێشە و ململانێ سیاسییەکان، بەڵکوو هەمیشە ده‌بێ وەک هێزێکی نیشتمانیی كوردستانی بمێننەوە و بەرگری لە شكۆی مرۆڤ بکەن بێ جیاوازی لەم وڵاتەدا.
ئامادەبووانی به‌ڕێز،
پەیامی هەمیشەییی ئێمە بۆ ناوخۆی کوردستان، یه‌كهه‌ڵوێستی، تەبایی، پێكه‌وه‌یی و کۆدەنگییە لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستاندا. هێز و مانەوەی هەرێمی کوردستان کاتێک مسۆگەر دەبێت کە ئێمە لە ناوخۆماندا ته‌با بین و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بخەینە سەرووی هەموو ململانێ و جیاوازییەکی دیكه‌وه.
فرەڕەنگیمان دەوڵەمەندیمانه، هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان له هه‌ر نه‌ته‌وەیەك و ئایینێك بن، پێکەوە شوناسی جوانی ئەم نیشتمانە پێک دەهێنن. ئه‌مه جوانییه‌كی زۆر و هێزێكی گه‌وره‌یه بۆ كوردستان.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا، جارێکی تر سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان پێشكه‌ش به هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمه‌ریکا دەکەم کە لە شەڕی دژی داعشدا زۆر دڵسۆزانە پشتیوانیی سه‌ربازیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد و هاوکارمان بوون لە تێکشکاندنی تیرۆردا.
سوپاس و پێزانینمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه بۆ بەردەوامی و دڵسۆزیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانان کە لە پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌دا، هاوکار و یارمەتیدەرێکی گرنگ و جددیی ئێمەن.
ڕاستە هەنگاوی باش نراوە، بەڵام خواستی ئێمه له‌وه زیاتره و پێویستە هەنگاوه‌كان زۆر خێراتر بکرێن. ده‌بێ سستییه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێن. ئاڵنگارییه‌كان و ململانێكانی ناوچه‌كه، ئه‌وه‌مان لێ ده‌خوازێت ڕۆژێك زووتر ئه‌م ئه‌ركه جێبه‌جێ بكه‌ین كە خزمەت بە هەموو كوردستان و عێراق دەكات.
بۆیه هه‌موو لایه‌ك دڵنیا دەکەینەوە، کە ئێمە بە ئیرادەیەکی جددی و بەهێزەوە بەردەوام دەبین بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و سەرخستنی ئەم پرۆسە چارەنووسسازە، چونكه یەکگرتووییی پێشمەرگە، گه‌ره‌نتی و بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیی پاراستنی مافه ده‌ستوورییه‌كان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستانە.
ده‌رچووانی خۆشه‌ویست،
ئەمڕۆ، بە شانازییەوه لەژێر سایە و شکۆی ئاڵای کوردستان و ئاڵای عێراقدا دەردەچن. ئەمە گوزارشتێکی ڕاستەقینەیە لەو واقیعەی کە هەرێمی کوردستانی فیدراڵ، وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ڕه‌وای ده‌ستووریی دانپێدانراو، بەشێکی به‌هێزی دەستووری، یاسایی و بنەڕەتییە لە چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵیدا.
بۆیه پێویستە حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا، هەموو ئەرک و پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بە پێشمەرگە جێبەجێ بکات، بەتایبەتی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و تەواوی پێداویستییە سەربازییەکان، چونکە پێشمەرگە پارێزەری ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراقە، لە دەستووریشدا ئەم بەشە بە تەواوەتی باس كراوە.
پاشەڕۆژی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی عێراق پێکەوە گرێدراوە؛ سەرکەوتنمان یەکە، ئاڵنگاری و چارەنووسیشمان لە عێراقدا هاوبەشن. ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە گەشبینییەوە چاوەڕێی کارکردنی هاوبەشین لەگەڵ حکوومەتی سەرۆکوەزیران بەڕێز عەلی زەیدی، تا لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتنی دوولایەنە و هاوبەشیی نیشتمانیی ڕاستەقینە، ئاوەدانی و پێشكه‌وتن بۆ هەموو عێراق بێ جیاوازی مسۆگەر بکەین.
ئەم ئاراستە نیشتمانی و ئاشتییانەی ئێمە، هاوتەریبە لەگەڵ ئەو دۆخە گەشبینە نوێیەی کە لە ناوچەکەمان و جیهاندا دروست بووە. ئێمە بە خۆشحاڵییه‌وه لە هەرێمی كوردستان پێشوازیمان لە کۆتاییهاتنی گرژی و شەڕی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران كرد کە لە ڕێگەی ڕێککەوتن، دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە هیوادارین کۆتایی پێی بێت.
دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه هه‌رێمی کوردستان وەک هەمیشە به فاکتەری ئارامی و پردی متمانە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. كارمان بۆ ئه‌وه كردووه و به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەك نه‌بنه بەشێک لە کێشە و لە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەكەدا.
ئێمه ده‌مانه‌وێت و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین هه‌میشه به‌شێك بین له چاره‌سه‌ر و له هاریكاریی هاوبه‌ش بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی. بۆ دۆزینەوە‌ی ڕێگه‌كانی به‌رژوه‌ندیی هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌كاركردن لەم وڵاتەدا و لەم ناوچەیەدا كە ئێمە تێیدا دەژیین.
لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی زۆرمان پێشکەش به بەڕێزان ڕاگر و مامۆستایانی ڕاهێنەر و سەرپەرشتیارانی کۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالان دەکەین کە ئەرکێکی گه‌وره و پیرۆزیان کێشا بۆ پێگەیاندنی ئەم گه‌نجانه‌ی كوردستان و سه‌رخستنی ئه‌م خولە سه‌ربازییه. به گه‌رمی ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانی کوردستان داده‌نوێنین کە ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی ئەم شەهیدانە ئێمە كوردستانێكی ئازاد دەبینین و دەتوانین ئەم ڕێوڕه‌سمانه بگێڕین. ئەو شەهیدانە بەبیر دەهێنینەوە كە ژیانی خۆیان بەخت کرد تا ئەمڕۆ ئێمە لێرە بە ئارامی کۆببینەوە. سڵاو و ڕێز بۆ شه‌هیدانی زیندوو، بریندارە قارەمانەکانمان لە كوردستان لە هەر شوێنێك بن، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەنێرین، هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم.
پیرۆزە لە ئێوە، پیرۆزە لە خێزانە خۆشەویستەکانتان، له ژیان و لە ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی تازه‌تاندا، هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم، تەمەندرێژ بن، سه‌رفراز بن، سەركەوتوو بن، خوای گەورە لە ژیاندا پشتیوانتان بێت.
زۆر سوپاس.

