رۆژنامەی ھەولێر

پێویستە دۆسیەی ماددەی ١٤٠ لەگەڵ حکوومەتی نوێی فیدراڵی هەڵبدرێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دەبوایە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی پرسی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و گێڕانەوەی کەرکووک بکەنە پێشینەی سیاسەتییان لەگەڵ بەغدا و وەک مەرجی سەرەکی بەشداریان لە دامەزراندنی حکوومەتی نوێی فیدراڵی عێراق دەستنیشانیان کردبا بەڵام پەرتەوازەیی و ناکۆکییەکان بوونەتە هۆکاری ئەوەی سەنگی ئەم پرسە لە بەرنامەی کابینەکە زۆر نەبێت.

ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق بریتییە لە ماددەیەکی دەستووری کە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی دەستنیشان کراون، بەڵام سەرجەم حکوومەتەکانی پێشووی عێراق خۆیان لە جێبەجێکردنی ماددەکە دزیوەتەوە و وا بە تەواوی دیار نییە حکوومەتی نوێ بۆ پرسی ماددەی ١٤٠ هیچی لە هەگبەدا هەبێت چونکە لە بەرنامەکەی باس لە پابەندییەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە نەکراوە و کاتی ئەوە هاتووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەکە زیندوو بکاتەوە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئازادکردنی عێراق، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتن بە شێوەیەکی یاسایی کێشەی مێژوویی خاک لە نێوان خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە و هەر بۆیەش ماددەی ١٤٠ بۆ ئەو مەبەستە نووسرا و لە دەستووردا جێی بۆ کرایەوە و بە زۆرینەی دەنگی هەموو دانیشتووانی عێراق پەسند کرا.
یەکێک لەو خاڵانەی لە دامەزاندنی حکوومەتی پێشوو واتە حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی کورد داوای کردبوو تەنانەت لەگەڵیدا بە ڕێککەوتن گەیشتبوو ئەوە بووە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت چونکە ئەو لیژنەیەی بۆ جێبەجێکردنی مادەکە دانرابوو لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پەک خرابوو بەڵام حکوومەتی سوودانی کۆتایی هات و هیچیش لە دۆخی ماددەی ١٤٠ نەگۆڕدرا.
قەرار بوو دوو مانگ دوای دامەزراندنی حکوومەتی سوودانی لیژنەکە دابمەزرێت و لە ماوەی دە ڕۆژدا دەست بە چالاکییەکانی خۆی بکات بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا.
لە دامەزراندنی حکوومەتی زەیدی ئەوەندەی باس لە دابەشکردنی پۆستەکان و پرسی وەزارەتەکان کراوە باسی پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە دەستوور و کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا نەکراوە.
حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بە تایبەتی دوای پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی لە ساڵی ٢٠٠٥ سەرەتاکان تارادەیەک لە قۆناغی یەکەمی ماددەکە هەندێک هەنگاوی گرنگی نا و دەست بە قەرەبووی زیانلێکەوتووان کرا و هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم درا. بڕیار بوو لە ماوەیەکی نزیکدا هەر سێ قۆناغی قەرەبوو و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و ئاوارەکان و پاشان ڕیفراندۆم جێبەجێ بکرێ بەڵام کەمتەرخەمی تێدا کرا.
دواجار هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن لە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ تێپەڕ نەکات کەچی لەو ساڵەشدا هیچ نەکرا و پرسی شەڕی تایفی لە پارێزگاکانی عێراق و هەندێک ناکۆکیی ناوخۆیی ناو ماڵی عەرەب ڕێگربوو لە جێبەجێکردنی ماددەکە و عەرەبەکانیش کە دەیانزانی بە جێبەجێکردنی ماددەکە ئەو شارە لەدەست دەدەن، لەمپەریان دروست کرد و بە بیانووی جیاواز جێبەجێکردنی مادەکەیان دوا خست.
ئێستا نۆزدە ساڵ لەو کاتە تێدەپەڕێت کە دەبوایە پرسی ماددەی ١٤٠ بە تەواوی یەکلایی کرابایەوە بەڵام کابینە لە دوای کابینە باس و خواستی ئەو ماددە گرنگە کاڵتر کراوەتەوە.
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەرەتای ئەمساڵ هۆشداری دابوو لە گۆڕانکاری دیموگرافی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە رێی پلانێکی نوێی خزمەتگوزاری سەربازییەوە. پلانە نوێیەکەی حکوومەتی عێراق بریتی بوو لە نیشتەجێکردنی فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگری لە ناوچە کوردستانییەکان، لە کاتێکدا پرسی نیشتەجێکردن لە سنووری مادەی ١٤٠ پرسێکی زۆر هەستیارە و هەر جۆرە هەنگاوێک لە نیشتەجێکردن دەتوانێت کاریگەری لەسەر گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە هەبێت.
دەستەکە داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو کورد لە پۆستە گرنگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دابنرێت، رێنمایی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ لەلایەن بەغداوە دەربکرێت، دەستوەردانی سوپا لە کێشەی زەویی جووتیاران رابگیرێت، لە دادگەی فیدراڵی تانە لە راگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێری گشتی دانیشتووان بدرێت. ئەو کات یەکێک لەو مەترسییانەی هۆشداری لەبارەوە درابوو لێکترازانی ماڵ و هەڵوێستی کوردی لە بەغدا و بە داخەوە کورد چ لە راگەیاندنی سەرۆک کۆمار و چ لە پێکهێنانی حکوومەت ئەو هاودەنگییە نەبوو و ململانێیە سیاسییەکان تا ئەم ساتە بەردەوامن.
حکوومەتی نوێی فیدراڵی دامەزراوە و کاتی ئەوە هاتووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆناغێکی نوێ لە دانوستان لەگەڵ ئەم حکوومەتە دەست پێ بکات و جارێکی دیکە کێشە هەڵواسراوەکانی وەک نەوت و بودجە و شایستە داراییەکان و پێشمەرگە و لەهەمووان گرنگترپرسی ماددەی ١٤٠ بکاتەوە مژاری سیاسی.