حەسەن حەمەد ئاندێکی
لە ئامادەیی کوردستانی کوڕان لە شاری هەولێر، قوتابی بەهرەمەند (محەمەد عەبدولڕەزاق) لە پۆلی دەیەمی زانستی، بە سەرپەرشتیی مامۆستا (محەمەد حەمەدەمین) پسپۆڕی فیزیای ئامادەییەکەی، هەڵساوە درۆنێکی دروست کردووە؛ بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوون بەم کارە زانستییە دیمانەیەکمان کردووە لەگەڵ ئەم قوتابیە بەهرەمەندەدا.
بیرۆکەی دروستکردنی درۆنت چۆن لا دروست بوو؟
محەمەد عەبدولڕەزاق مستەفا لە قوتابخانەی ئامادەیی کوردستانی کوڕان لە پۆلی دەی زانستیدا دەخوێنم؛ خۆی هەر لە منداڵییەوە حەزم بە دروستکردنی درۆن هەبووە تا گەیشتوومەتە ئەو ئاستە.
چەندی پێ چوو تا درۆنەکەت تەواو کرد؟
لە وەرزی یەکەمی دەوام (مانگی نۆ) دەستم بە دروستکردنی کرد و وردەوردە کەلوپەلم پێ زیاد کرد تا ئەو درۆنەی ئێستا مانگی دوو دروست کرا؛ نزیکەی شەش مانگی خایاند.
هیچ کەسێک یارمەتی داویت یان بە تەنیا کارەکەت کرد؟
دروستکردنی درۆنەکە هەموویم بە خۆم کردم؛ بۆ مەسرەفەکەی دایک و باوکم هاوکارییان کردم.
پارچە و کەرەستەکانت لە کوێ دەست کەوت؟
پارچە و کەرستەکانم لە شتی سادە دروست کردووە و، لە ماڵەوە و بازاڕ دەستم کەوت وەک (دار، پانکە، دینەمۆ…. )
زانیارییە تەکنیکییەکانت لە کوێوە فێر بوویت؟ ئینتەرنێت، مامۆستا، کتێب؟
زانیارییە تەکنیکییەکان بۆ خۆم لە منداڵییەوە کارم لەسەر ئەم شتانە کردووە تا فێر بوومە و، زانیاریم لە ئینتەرنێتیش وەرگرتووە.
گەورەترین کێشەی کە ڕووبەڕووت بووەوە چی بوو؟
کارەکانی درۆن بە گشتی زەحمەتن بەڵام کێشە گەورەکە تەوازنکردنەکە بوو.
نرخ و تێچووی گشتی دروستکردنی درۆنەکەت چەند بوو؟
تێچووی گشتی درۆنەکە دەوری ٣٠هەزار بووە و، هەر کاتێک هەڵەم لە دروستکردنی درۆنەکە بکردبا ئەوە دەبوو دووبارە پارەی لێ سەرف بکەمەوە.
درۆنەکەت چی دەتوانێت بکات؟ (فڕین، وێنەگرتن، کۆنترۆڵی دوور…)
فڕین، وێنەگرتن، کۆنتڕۆلکردن، ڕۆیشتنی خێرا..
پێت وایە قوتابیانی دیکەش لە هەرێم دەتوانن ئەم جۆرە پرۆژانە جێبەجێ بکەن؟
بەڵێ قوتابی دەتوانن ئەم پرۆژانە بکەن بەڵام دەبێت پاڵپشتی بکرێن؛ پێویستە پەرە بە خولە سەرەتاییەکانی ئەلیکترۆنی بدرێت و، کەلوپەلەکان بەردەست بێت لە بازاڕ.
خێزان و مامۆستاکان پاڵپشتییان کردیت؟
بەڵێ بە دڵنیاییەوە؛ زۆر سوپاسیان دەکەم.
پەیامت چییە بۆ قوتابیانی تر کە حەزیان بە داهێنان و تەکنەلۆجیا هەیە؟
ئەوەیە کە زیاتر کار لەسەر ئەلیکترۆنیات بکەن و داهێنانی زیاتر بکەن.
پلانی داهاتووت چییە؟
پلانی داهاتووم ئەوەیە کە درۆنێک دروست بکەم کە سوودی زۆری بۆ کۆمەڵگا هەبێت، بۆ ئاگرکوژێنەوە، هەڵگرتنی مرۆڤ، کوژێنەوەی ئاگرینێ و دارستان بەکار بێت.
دواتر سەرپەرشتیکاری قوتابی بەهرەمەند لە دروستکردنی ئەم درۆنە، مامۆستا محەمەد حەمەدەمین پسپۆڕی بابەتی فیزیا لە ئامادەیی کوردستان وتی: یەکێک لە چالاکییە زانستییەکانی ئامادەیی کوردستانی کوڕان لە لایەن قوتابی بەهرەمەند دروستکردنی درۆنێکە لە لایەن قوتابی محەمەد عەبدولڕەزاق مستەفا لە پۆلی دەیەمی زانستی، سەرەتای پرۆژەکەمان بریتی بوو لە فڕین؛ بۆ نموونە درۆن و فڕۆکە. دواتر بیرۆکەی قوتابیی بەهرەمەند محەمەد دروستکردنی درۆن بوو، بۆیە دەستمان کرد بە کارە هونەرییەکانی درۆن، کە بریتییە لە بواری میکانیک، هەندەسە، ئەلکترۆنیات. دواتر هاوکار بووین لە پێوانەکردنی درێژیی باڵەکانی و پەروانەکانی و بەشەکانی تری کە کاریگەریی هەیە لەسەر فڕین و هاوسەنگی ومانەوەی لە هەوادا، بەهاوسەنگی وبەرنەبوونەوە. کارکردن لەسەر ئەوەی تاچەند بەرزدەبێتەوەوکاتی مانەوەی لە هەوادا زیاتر بێت بە دانانی وزەی خۆر (تاقە شەمسیە). دانانی کامیراووێنەگرتن، تەسویرکردن. کارکردن لەسەر ئەوەی ئەگەر بتوانین تا ٥٠٠ مەتر زیاتر بەرزی بکەینەوە و، قورسایی و شتیش هەڵبگرێت. ئەمە نمونەیەکە لە پرۆژەکانمان، دەیان پرۆژەی ترمان هەیە کاری لەسەر دەکەیەن لەگەل قوتابییەکانمان بە هاوکاریی بەڕێوەبەری ئامادەیەکەمان (مامۆستا وشیار).
لە دوماهیدا (وشیار مستەفا عەباس) بەڕێوەبەری ئامادەیی کوردستانی كوڕان وتی: ئامادەییە کوڕانەکەی کوردستان یەک لە ئامادەییە هەرە پێشەنگەکانی هەولێر و کوردستانە. ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە پێگەیاندنی نەوەکان و پەرەپێدانی خوێندن لە شاری هەولێر وکوردستان، چەندین کەسایەتیی سەرکەوتووی لە ڕووی خوێندن و زانستی و ڕۆشنبیری و سیاسی پێگەیاندوە کە تا ێستاش لە خزمەتکردن بەردەوامن بۆیە ئێمە وەک بەڕێوەر و دەستەی کارگێڕی جگە لە ئاستبەرزی و بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لە لەلایەن قوتابیانەوە، بە چاکمان زانی هەوڵ بدەین بۆ کردنەوەی پێشانگایەک لەگەڵ ماموستایانی بەشە زانستییەکان بۆ پیشاندان و دەرخستنی بەهرە و توانا شاراوەکانی قوتابیان، لە ئەنجامدا توانیمان چەندین بەهرە و توانای زانستیی قوتابیان نیشان بدەین و چەندین پرۆژە و بیرۆکەی نوێیان لەلا گەڵالە بوو کە ئەگەر بکرێت لە لەلایەن دامودەزگاکانی حوکمەتی هەرێمەوە هاوکاری بکرێن، ڕۆڵێکی گرنگیان لە پێشخستنی بواری زانستیدا دەبێت لە وڵاتەکەماندا؛ یەکێک لە کارە جوانەکان دروستکردنی ئەم درۆنە بوو لە لایەن قوتابی (محەمەد عەبدولڕەزاق) بوو، مایەی دڵخۆشی ئامادەییەکەمانە، هیوادارم نموونەی زۆر بێت و هەمیشەش پاڵپشتی ئەم جۆرە چالاکییە زانستیانە دەکەین.

