رۆژنامەی ھەولێر

ڕووبار خالید ئەكتەرێك بۆ هەموو كاراكتەرێك

حەیدەر عەبدولڕەحمان

(ڕووبار خالید) بەڕێكەوت نەبووە بگاتە ئەو قۆناغە بەرچاوە لە سینەما و درامای كوردیدا، بەڵكو ئەو لە بنچینەوە ڕەگێكی درامایی لە جەستە و ڕۆحیدا هەبووە، كە گەشەی پێ بدا و ئەو توانایە دروست بكات، ڕووبەڕووی ڕۆڵە سەخت و فۆرمە جیاوازەكان بێتەوە لە نواندندا.
ئەو ئەگەرچی وەك ئەكتەر لەبواری شانۆو دراماو سینەما كاری نواندنی كردووە، بەڵام هونەری ئەو لە نێوان ئەو سێ‌ ڕەهەندە جیاوازە ئەوە بووە، كە قالبی بە یەك فۆرمی یەك لەوان جیهانێكی تایبەتمەندیی خۆیان هەبووە، جیاواز لە ڕەهەندە هونەرییەكانی دیكە.
لە كاتێكا كێشەی هەرە گەورەی ئەكتەری كورد ئەوە بووە، كەكەم لەوان توانییویانە، لەو سێ‌ ڕەهەندە لێكتر جودایانە لە هەر یەكێكیان بە مۆرك و خەسڵەتی خۆیان كار بكەن، بە تایبەت لە ڕووی جووڵەو ئیلقاو دەنگ و ریتم و جووڵانەوە.
بەڵام ڕووبار وەك ئەكتەرێكی ئەكادیمی بە ئاگاییەوە نواندنی كردووە، وەك ئەوەی ستایلەكە داخوازیی لێ‌ دەكات .
هەندێ‌ جار كێشەی دەقگرتن بە فۆرمێكی دیاریكراو ئەكتەر هۆگری خۆی دەكات و لەچەند ڕۆڵێك بەكاری دەهێنێتەوە، بە تایبەت لەو رۆڵانەی سەركەوتنیتێدا دەبینن، ئەو سەركەوتنە دەبێتە مۆركێكی چەسپاوی نەرێنی لە شوناسی ئەكتەر و ناتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداری ببێت و وەك خاڵێكی لاوازی نواندن لای دەمێنێتەوە.
من كە بەدواداچوون بۆ فۆرمی نواندن لە بەرهەمەكانی ڕووبار دەكەم، دەزانم ئەو حیسابێكی وردی بۆ ئەو ڕەگەزە گرنگەی نواندن كردووە و هوۆشیارانە ڕەفتار لەگەڵ گۆڕینی فۆرمەكانی نواندندا دەكات، بە پێی گۆڕانی كاراكتەرەكانی.
مەرجە بۆ ئەكتەر جگە لە ستایل و فانتازیای دەرهێنەر، ئەكتەریش بە پێی ئەزموون و تێڕوانینی خۆی خوێندنەوەی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ دۆزینەوەی شوناسی ئەكتەر و نیشاندانی دیوی ناوەوەو دەرەوەی ئەو كاراكتەرە بە بینەر وەك پێویست.
ئەكتەر لەو حاڵەتانەدا ناكرێت بە دوای ڕێگە ساناكانی نواندندا بگەڕێت بۆ تێپەڕاندنی ڕۆڵەكەی، بەڵكو دەبێت بەدوای ئەو ڕەگەزانەدا بگەڕێ كە خەسڵەتێكی كاریگەر لە بنیاتی كاراكتەرێكدا بەرجەستە بكات كە ئەداكردنی ئاسان نەبێت، بەڵام كاریگەریەكانی بۆ سەر دەروونی بینەر قوڵتر بێت.
بۆیە هونەری هەرە باڵای ئەكتەر لەوەدایە بە دوای ڕۆڵی سەختدا بگەڕێ، بۆ ئەوەی خۆی لەوە تاقی بكاتەوە، كە تا چەند توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕۆڵە سەختانە و بەدەستهێنانی سەرنجی بینەری هەیە.
ئەكتەر دەبێت ئاستی ئەزموون و هۆشیاریی بە ئەندازەیەك بێت، نەك تەنها بۆ بەرجەستەكردنی هەر كاراكتەرێك بخوازێ ئەدای نواندنەكەی بكات، لە هەمان كاتدا توانای گۆڕینی ستایلی هەبێت، لە شانۆ بۆ دراما ی سینەما، وەكچۆن كاتێ (ڕووبار خالید) لە فیلمی شین، لە سینەمادا دەبینی ڕووبارێكی جیاوازە لە نمایشی (بابلۆ) لە شانۆدا، یاخود لە درامای ئادیابیندا.
بۆیە ئەكتەر نابێت بازبازێن بكات لە نێوان ڕەهەندەكانی نواندن و ستایلەكانی، ئەگەر دڵنیا نەبێت لە توانایی و لێهاتووییی خۆی بۆ ئەوەی لە هەرسێ بوارەکەدا توانای كۆنترۆڵكردنی خۆی هەبێت.
ڕەنگە هەموو ئەكتەرێك توانای ئەوەی نەبێت لەسەر هەر سێ پەتەکە، واتە شانۆ، دراما، سینەما یاری بكات، بینەر كاتێ لە هەر سێ حاڵەتدا ئەكتەر دەبینێ، دەزانێ توانای ئەكتەرەكە لە كوێیە و لە كوێ دەتوانێ داهێنان بكات و لە كامەیشیان دەچەقێ.
من ڕووبارم لە هەرسێ بوارەکەدا دیوە، هەستم كردووە لە درامادا، بەتایبەت لە درامای ئادیابین توانیوویەتی هەقی كاراكتەرەکە بدات.
فیلمی (شین) پێت دەڵێ كە ڕووبار ئەگەر دەرفەتی زێتری بۆ بڕەخسێ لە سینەمادا، ئەزموونی دەوڵەمەندتر بێت، لە سینەمادا، ڕەنگە زێتر خۆی بە بینەر بناسێنێ، دەرهێنەرەكانیش زیاتر بەشداریی فیلمی پێ دەكەن، چونكە ئەكتەر بە تاکە بەرهەمێك ناتوانێت خۆی بە بینەر بناسێنێ.