رۆژنامەی ھەولێر

دۆخی سروشتیی بازیان لە ڕۆژی هەمەجۆریی زیندەوەراندا

ساڵی (٢٠١٠) ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی (٢٢/٥)ی هەموو ساڵێكی دیاری کرد بۆ ڕۆژی هەمەجۆریی زیندەوەران، یاخود هەمەچەشنیی بایۆلۆژی، بەمەبەستیی هاندانی گەلانی جیهان بۆ پاراستنی زیندەوەرانی جۆراوجۆر؛ لەو ڕۆژەدا لەسەر ئاستی جیهان چالاکیی جۆراوجۆر ساز دەکرێت لەژێر دروشمی: هەمەجۆریی زیندەوەران ژیانە و هەمەچەشنیی بایۆلۆژیی ژیانمانە.

بە هۆی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیی لە هەموو ڕووەکانەوە، مەترسی لەسەر ژینگەی سروشتی دروست بووە، هەربۆیە گەلانی جیهان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی زیاتر لەوە ژینگە وێران نەبێت، نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین ڕۆژی دیاری کردووە کە ساڵانە یاد دەکرێنەوە بە مەبەستی گرنگیدان بە ژینگە و سروشت، پاراستنی سیستمی ژینگەیی، ڕووەکی و ئاژەڵی لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە.
قەزای بازیان لە پارێزگای سلێمانی سروشتێکی پاك و جوانی هەبووە، ناوچەیەکی شاخاوی و ئاوەدان بووە، ڕووبەرێکی زۆری دارستان و گژوگیای سروشتیی هەبووە، شوێنی ژیانی ئاژەڵ و پەلەوەری کێوی و جۆراوجۆر بووە، بەتایبەت شاخی بازیان بە هۆی سروشتە لەبارەکەیەوە کە دارستانی چڕ دایپۆشیوە و دەیان سەرچاوەی ئاو و کانی و کانیاوی تێدایە، بۆتە نیشتمانی دەیان جۆر ئاژەڵی کێوی و پەلەوەر و زیندەوەری هەمەجۆر.
بەداخەوە بە هۆی چەندین هۆکاری سروشتی و مرۆییەوە خەریکە شاخی بازیان ئەم گرنگییەی خۆی لەدەست ئەدات، گۆڕانی کەشوهەوا کە کێشەیەکی جیهانییە و وشکەساڵی لە کێشە سەرەکییەکانە؛ دەستی مرۆڤیش هۆکارێکی دیکەیە بۆ لەناوبردنی ژینگەی سروشتیی شاخی بازیان، وەك: ڕاوکردنی نایاسایی و بڕینەوەی دار و سوتانی دارستانەکان و، هتد، بوونی دۆڵی بازیان بە ناوچەیەکی پیشەسازی کە خۆی ناوچەیەکی کشتوکاڵییە مەترسی گەورەیە لەسەر ژینگەی سروشتی، چونکە بەشێکی کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکان پابەندی یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان نابن و هۆکارێکن بۆ پیسکردنی ژینگە و لەناوچونی بەشێکی زیندەوەران.
بۆیە پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی بەرپرس بەتایبەت دەستەی ژینگە و پارێزگای سلێمانی و قایمقامییەتی بازیان کە هەوڵی تەواو بدەن بۆ ڕزگارکردنی ژینگەی دۆڵی بازیان لە وێران بوون و پیس بوون، چونکە ژینگەی بازیان کاریگەری هەیە بۆسەر چواردەوری بەتایبەت شاری سلێمانی، شاخی بازیان بەربەستێکی گرنگە بۆ ڕێگەگرتن لە بوونەبیابان، پاراستنی ژینگەی ئەم شاخە هۆکارێکە کە دیاردەی بوونەبیابان زیاتر تەشەنە نەکات بەرەو بازیان و سلێمانی کە مەترسی دروست دەکات لەسەر ژیانی مرۆڤ و زیندەوەران بە گشتی. دروستکردنی پارێزبەندێکی سروشتی لە شاخی بازیان و باخچەی ئاژەڵی کێوی لە دەربەندی بازیان کە پرۆژەیەکی کۆنە و هەتا ئێستا نەکراوە لە پلانە ستراتیژییەکانی پاراستنی ژینگەی سروشتی و هەمەجۆریی زیندەوەرانە، دەکرێت لە ڕێگەی ڕێکخراوە ژینگەییە جیهانییەکانەوە ئەم پرۆژەیە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە دروستکردنی ئەم پرۆژانە ناوچەکە دەبێتە شوێنێکی گەشتوگوزاریی گرنگ لە کوردستان و ڕوویەکی جوان پیشانی جیهان دەدات.