ڕائیب جادر – هەولێر
وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆی جووتیارانە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، لە پێناو پاراستن و بە بازاڕکردنی بەرھەمی ناوخۆ باج دەخاتە سەر بەرھەمی ھاوردە، بەشێک لە بەرھەمە ھاوردەکراوەکانیش قەدەغە دەکات.
لە پێناو فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری بە پاراستن و بە بازاڕکردنی بەرھەمی ناوخۆ داوە، چەند بەرھەمێکی جووتیارانی ھەناردەی دەرەوە کردووە و بازاڕی بۆ دۆزیوەتەوە، ئەمەش سێکتەری کشتوکاڵی بووژاندووەتەوە و جووتیاران خواستیان لەسەر کاری کشتوکاڵی زیاد کردووە.
ئێستا وەرزی پێگەیشتنی تەماتەیە، باج خراوەتە سەر تەماتەی ھاوردە، ئەوەش وا دەکات بەرھەمی ناوخۆ بازاڕی بۆ بڕەخسێ و ساغ ببێتەوە، جووتیارانیش بڕیارەکە بە گرنگ دەزانن بۆ گرنگی دانی زیاتر بە بەرھەمی ناوخۆ. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەگەر ئەو بڕیارەی حکوومەت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و بەرھەمی دەرەوە قەدەغە بکرێت، یان باجی زیاتر بخرێتە سەر، جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ دەدەن، بەوەش ھەم بەرھەمی ناوخۆ زیاتر دەبێت، ھەمیش ھەلی کار.
بەرھەمی ناوخۆی پەتاتە، کولەکە، پیاز و تەماتە کاتی پێگەیشتنیانە، بۆیە بەرھەمی ھاوردە قەدەغە کراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕۆژمێری کشتوکاڵییە کە لە نێوان ھەر دوو حکوومەتی ھەرێم و عێراق ھەیە، بۆ ئەوەی لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ بەرھەمی ھاوردە قەدەغە بکرێت. سەرپەرشتیاری بازاڕی عەلوەی ھەولێر، ئاشکرای دەکات، ئەو ھەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ جووتیاران تا بەرھەمەکانیان بە نرخی گونجاو بازاڕی بۆ بکەن، سێ جۆر بەرھەم لە ١٥ی مانگی ڕابردوو قەدەغە کراون، لەوانە پاقلە، خەیار و کولەکە، ئەو سێ بەرھە ئێستا ناھێن بۆ ھەرێم، ئەوەش لەبەر ئەوەیە بەرھەمی کوردستان پێگەیشتووە، لە ١ی ئەم مانگەش نووسراوی وەزارەتی کشتوکاڵ کراوە لە چوارچێوەی ئەو ڕۆژمێرەی کە ھەیە بەرھەمی پیاز قەدەغە کراوە، کە ئێستا پیازی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بۆ ئێمە دێت و ساغ دەکەینەوە، ١٥ ڕۆژی دیکە پیازی کوردستان پێدەگات ئەو کات بەرھەمی کوردستان ھەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.
لەپێناو بە بازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی میوە و سەوزەی ناوخۆی جووتیاران، بەھۆی زیادبوونی خواست لەسەر بەرھەمەکانی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتان، میکانیزم و مەرجەکانی ھەناردەکرنی بەروبوومی کشتوکاڵی دانراوە، کە بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی لەمەودوا بە کوالێتی زۆر بەرز و تایبەتمەند بەرھەمی ناوحۆیی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتان ھەناردە بکەن.
گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ، وایکردووە جووتیاران بەرھەمەکانیان ھەمەچەشن بکەن، ئەو بەرھەمانەش کە پێداویستی ناوخۆ پڕدەکەنەوە، ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێن.
چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی حکوومەت، بەرھەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan” دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لە بازاڕی وڵاتان دەفرۆشرێن.
بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرھەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئاستی بەرھەمھێنانیان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی.
ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە بەرھەم دەھێنرێن، دەوڵەمەندە، لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەیە، ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، حکوومەت کاری لەسەر کردوون لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک ترێ، سێو، ھەنجیر ڕەوانەی دەرەوە کراون، ھەروەھا لە ڕێی کۆمپانیایەکیش ھەریەکە لە برنجی کوردی، تەحین و سماق دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەندین وڵات دابەش دەکرێن.
لە ماوەکانی ڕابردوو شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کرد و بە چاودێری و سەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێک کرا بۆ ھەناردەکردنی بەروبووم بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. جیھاد میرۆ، شارەزا لە بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆی کوردستانی دا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئومێدبەخش بوو، جووتیار ھەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو چۆن ئەو بەرھەمە ساغ بکاتەوە و تووشی زیان نەبێت و بتوانێ ڕەنجی ماندووبوونی خۆی وەربگرێتەوە، کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەنگاوێکی گەورەبوو، ھەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات، ئەو ڕۆژمێرەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغداش ھەیە زۆر گرنگە و جووتیاران بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان سوودێکی زۆر لێ دەبینن.
ئەو شارەزای بواری کشتوکاڵ، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم کاری گەورەی کردووە لە بواری کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ، ھەموو ھاوکارییەکی بۆ جووتیاران ڕاگەیاندووە و کەرتی کشتوکاڵ پێشوەچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ھەروەھا چەندین بەرھەمی ناوخۆ ڕەوانەی دەرەوە کراون، وەک براندێکی کوردستان بۆ ئەوەی بەرھەمەکان لە دەرەوە بناسرێنەوە، چەندین وڵات ئەو بەرھەمانەی بۆ ڕەوانە کراوە.
زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، بووەتە ھەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و پشتیوانیکردنی زیاتری جووتیاران. ھێمن سەید موراد، بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، ڕایگەیاند، لە پێناو ساغکردنەوەی بەرھەمە کشتوکاڵیە ناوخۆییەکان و گرنگیدانی زیاتر بە بەرھەمە خۆماڵییەکان، لە پشتگیریکردنی جووتیار و بازرگانان بەردەوامن و نەخشە و پلانی تۆکمەیان داڕشتووە بەمەبەستی بە بازاڕکردنی بەرھەمی خۆماڵی، تاکو بەھۆیەوە نرخی بەروبوومە ناوخۆیەکان بەرزببێتەوە و کێبڕکێ بکات لەگەڵ بەرھەمە دەرەکییەکان و ڕاگرتنی ھاوکێشەی پێداویستییە ناوخۆییەکان.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی ھەبێت، ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک بەرھەم ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کران، بۆ ئەمساڵیش پلانی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان بکرێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ستراتیژیەتمان گرنگیدانی زیاترە بە بەرھەمە خۆماڵییەکان.

