لەپێناو پاراستنی مافی هاووڵاتییان و رێگیریکردن لە تاوانی ساختەکاریی واژۆ و پەنجەمۆر، وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی فەرمی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانگەکانی دادنووسی کرد، لەو گشتاندنەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە لەکاتی راپەڕاندنی مامەڵە دادییەکاندا، بە وردی پابەندی کۆمەڵێک رێنمایی و خاڵی سەرەکی ببن.
بەپێی گشتاندنەکە، پێویستە فەرمانبەرانی دادنووسی لەکاتی وەرگرتنی پەنجەمۆردا ئەم خاڵانەی خوارەوە بە وردی جێبەجێ بکەن، دەبێت خاوەن مامەڵە ئامادە بێت و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت کەسێکی دیکە لە جیاتی ئەو پەنجەمۆر بکات.
هەروەها پێویستە پەنجەی کەسەکە تەواو پاک بێت و فەرمانبەر دڵنیا بێتەوە لەوەی پەنجەکە راستەقینەیە و دەستکرد نییە، پێویستە بڕی مەرەکەبی ستامپەکە گونجاو بێت؛ لەکاتی پەنجەمۆرکردندا نابێت پەنجەکە بسوڕێت بۆ ئەوەی هێڵەکانی پەنجەکە بە روونی بنەخشێن.
هەر لە رێنماییەکەدا هاتووە، نابێت پەنجەمۆرەکە بکەوێتە سەر نووسینی مامەڵەکە، بەڵکو دەبێت لە شوێنێکی بەتاڵ، یان لەسەر ناوەکە و تەنیشتی بێت، تەنیا ستامپی گونجاو بە ڕەنگەکانی شین یان رەش بەکاردەهێنرێت.
وەزارەتی داد باسی لەوەش کردووە، بە هیچ شێوەیەک نابێت دوو پەنجەمۆر لەسەر یەک بخرێن، ئەگەر پەنجەمۆری یەکەم تێکچوو یان ناڕوون بوو، دەکرێت لە تەنیشتیدا پەنجەمۆرێکی تر بکرێت و ئاماژەی پێ بدرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر کەسەکە پەنجەی گەورەی دەستی چەپی نەبوو، ئەوا پەنجەی گەورەی دەستی راستی لێ وەردەگیرێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر کێشە لە هەردوو پەنجە گەورەکاندا هەبوو، ئەوا پەنجەکانی تری دەستی بەکاردەهێنرێن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ توندکردنەوەی رێکارە یاساییەکان و پاراستنی ئاسایشی بەڵگەنامە فەرمییەکان لە هەر جۆرە ساختەکارییەک.

