رۆژنامەی ھەولێر

لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕی 2 ملیۆن و 564 هەزار مەترسێجا ئاوی پاک بە کوالێتییەکی بەرز بەرهەم دەهێنرێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵە ستراتیجییەکانیدا، بۆ بنبڕکردنی کێشەی کەمئاوی و دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان، لە ڕێگەی دەیان پڕۆژەی گەورە و وێستگەی مۆدێرنەوە، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە کەرتی ئاودا ئەنجام داوە و ملیۆنان مەترسێجا ئاوی پاک دەگەیەنێتە ماڵەکان.

بەمەبەستی دابینکردنی ئاوی پاک بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەکان، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی 25 پڕۆژە و وێستگەی پاڵاوتنی ستراتیجی، 4946 بیر و 536 کانییەوە، ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان لە شار، شارۆچکە و گوندەکان دابین دەکرێت. بەمەش ڕۆژانە بەتێکڕا بڕی 2 ملیۆن و 564 هەزار مەترسێجا ئاوی پاک بە کوالێتییەکی بەرز بەرهەم دەهێنرێت.

لە 5 ساڵی ڕابردوودا، چەندین پڕۆژەی ستراتیجیی گرنگ تەواو کران، لەوانە پڕۆژەکانی (فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، قوشتەپە، پیرمام و بارزان)، کە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەی دەیانساڵەی کەمئاوی و بەهۆیانەوە زیاتر لە 1000 بیری ئاو کوژێنرانەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی.

هاوکات لە ئێستادا، کارکردن لە چەندین پڕۆژەی دیکەی ستراتیجی لە ناوچە جیاجیاکان بەردەوامە، کە گرنگترینیان بریتین لە:

– پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ
– پڕۆژەکانی ئاوی (ئاکرێ، خانکێ، ڕانیە، بەردەڕەش و دەربەندیخان)
– ڕاکێشانی هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان – سلێمانی
– پڕۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر

جگە لەمانە، بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکانی ئاوی (کۆیە، سۆران و کەلار) دەست پێ بکەن. بە تەواوبوونیشیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی گرفتی کەمئاوی دەنێت.