جێگری وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، رۆڵی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی لە تێکشکاندنی داعش و گرنگیدان بە سەقامگیریی ناوچەکە بەرز نرخاند.
هەینی، 24ـی نیسانی 2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەت لە یەکێتی ئەوروپا، لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە لاهای، لەگەڵ یووست فلاماند، جێگری وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە.
بە پێی راگەیەنراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خرانە بەر باس.
هەروەها هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی دوای راگەیاندنی ئاگربەست و کاریگەری لە سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
لای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، رۆڵی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی لە تێکشکاندنی داعش، هەروەها لە گرنگیدان بە سەقامگیریی ناوچەکە وەکوو فاکتەرێکی گرنگی چارەسەری قەیرانەکان بەرز نرخاند.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن هاوڕابوون لەسەر گرنگی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

