تا دێت ناکۆکی و ململانێکانی نێوماڵی شیعەکانی عێراق بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، قوڵتر دەبنەوە و بابەتەکە خەریکە دەگاتە ئاستێک دەستتێوەردانی دەرەکیشی تێ بکەوێت و هیشتا هیچ ئاسۆیەک دیار نییە بۆ ئەوەئ ئەو بابەتە بگاتە ئەنجام.
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی ماڵی شیعە و ڕایگەیاند؛ ئێستا لەنێو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا ناکۆکی سەریهەڵداوە و بووەتە هۆی دروستبوونی دوو بەرەی سەرەکی و جیاواز. بەرەی یەکەم بریتییە لە نووری مالیکی و لایەنگرانی، لە بەرامبەریشدا بەرەیەکی دیکە دروستبووە کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات. سوودانی ئێستا خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنە لەنێو پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی شیعەکان، ژمارەی ئەندامەکانی لە نێوان 46 بۆ 50 پەرلەمانتاردایە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کێشە و ململانێیانە رۆژ بە رۆژ بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەچن. هەروەها گوتیشی: “من بڕوا ناکەم ئەم کێشانە بە ئاسانی چارەسەر ببن و ئەگەری هەیە کاتێکی زۆری بوێت تاوەکو لایەنەکان لەسەر ئەم بابەتە بگەنە رێککەوتن.”
لەبارەی دۆخی ئێستا و پەرەسەندنەکانەوە، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا، باسی لە هەڵوێستی پارتی کردووە و دەڵێت؛ پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پێویستی بە پێداچوونەوە و راستکردنەوە هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەڵوێستە سیاسییەکانی پارتی و بایکۆتکردن بە واتای کشانەوە لە پرۆسەکە نایەت، بەڵکو ئامانج لێی گەڕانەوەی هاوسەنگییە بۆ سیستەمە پەرلەمانییەکەی وڵات.
فازڵ میرانی، ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ عێراق خاوەنی سیستەمێکی پەرلەمانییە و پێویستە هەموو لایەک رێز لەم سیستەمە بگرن. گوتیشی: “پارتی تەنیا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبی هەنگاو نانێت، بەڵکو وەک هێزێکی گەورە کە نوێنەرایەتیی زیاتر لە نیوەی خەڵکی کوردستان دەکات، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی لەسەر شانە.”
سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی لە بابەتی بایکۆتکردنەوە، ئەوەی خستووەتەڕوو؛ کە بایکۆتکردن یان هەڵپەساردنی کارەکان مافێکی سیاسیی فراکسیۆنەکانە و بە واتای کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی نایەت، بەڵکو ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پێویستی بە راستکردنەوە و گۆڕینی ئاراستە هەیە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی باسی لە دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی عێراق کرد و گوتی: “بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لە دوای 2003ـوە پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننە دیاریکراوە. ئێمە وەک پارتی مەبەستمان نەبووە پۆستی سەرۆککۆمار بە تەنیا بۆ حزبەکەمان بێت، بەڵکو جەختمان لە مافی کورد کردووەتەوە.”
هەر لە میانی وتەکانیدا، فازڵ میرانی، هیوای خۆی بۆ کۆتاییهاتنی یەکجاریی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی و جەختی کردەوە کە یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان نەک تەنیا خواستێکی سیاسییە، بەڵکو ویست و داواکاریی سەرەکیی تەواوی خەڵکی کوردستانە.
جەختی لەوەش کردەوە کە پارتی وەک هێزێکی سیاسی، خاوەن پرەنسیپی نیشتمانییە و گوتی: “ئێمە حزبێک نین کە لەسەر بنەمای سەودا و سەفەقات کار بکەین، بەڵکو پارتی حزبێکی نیشتمانپەروەرە و سیاسەت لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی دەکات.”

