رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە داوا لە عێراق دەکات دەست بە ڕاکێشانی هێڵی نەوتی بەسڕە -جەیهان بکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە عێراق پڕۆژەیەکی ستراتیژی هەیە لە ژێر ناوی ڕێگای گەشەپێدان کە ئەم پڕۆژەیە باشووری عێراق بە زاخۆ و پاشان تورکیا و دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە، پڕۆژەکە لە ڕووی دیزاینەوە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، جەنگی نوێی کەنداو جارێکی دیکە بایەخی ئەو پڕۆژەیەی بەرجەستە کردۆتەوە.

فاتح بیرۆل سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشنیازێکی نوێی خستووەتە بەردەم حکوومەتی فیدراڵی کە دەتوانێت ئاسایشی ئابووری عێراق بەهێز بکات، پڕۆژەکە لە لایەک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە سوودمەندە و لە لایەکی دیکە سوود بە تورکیا دەگەیەنێت، هاوکات ڕۆڵ دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی هەموو ئەو مەترسییانەی بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان دێنە کایەوە. ئامانجە سەرەکییەکە ئەوەیە پشتبەستن بە گەرووی هورمز بۆ کەمترین ئاست کەم ببێتەوە.
لە گەرووی هورمز ڕۆژانە بیست ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرا کە نزیکەی سێ ملیۆن و سێسەد هەزار بەرمیلی هی عێراق بوو بەڵام زیاتر لە پەنجا ڕۆژە عێراق لەو دەروازەیەی هەناردەکردنی نەوت بێبەشە و داهاتەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
یەکەم جار لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ هەر یەک لە عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر ڕێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و لە بەیاننامەیەکدا پێداگریان کرد کە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە درێژییەکەی هەزار و سەد و نەوەد کیلۆمەترە ستراتیجییە و پەرە بە پێوەندی و گواستنەوەی بازرگانی لە تەواوی ناوچەکە و جیهان دەدات. ئەو کات ڕەهەندە ئابوورییەکە زیاتر گواستنەوەی بازرگانی بوو بەڵام دوای داخرانی هورمز بایەخی هێڵی نەوتی پڕۆژەکە زیاتر بەرجەستە بووە.
رێگاکە لە بەسڕەوە دەست پێ دەکات و لە زاخۆ کۆتایی دێت و جگە لە ڕێی ئۆتۆمبێل ڕێگای شەمەندەفەریش لەخۆ دەگرێت و لە ناو خاکی تورکیاش سێسەد و بیست کیلۆمەتر ڕێگای ئۆتۆبان و شەشسەد و پازدە کیلۆمەتر ڕێگای شەمەندەفەر بنیات دەنرێت بۆ ئەوەی ڕێگای گەشەپێدان بە ڕێگای ئەوروپا گرێ بدرێت. پڕۆژەکە زۆر بەرفراوانە و ئامانجەکە ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٥٠ سەرجەم قۆناغەکانی جێبەجێ بکرێن.
لەوەتەی هورمز داخراوە پرسی ڕاکێشانی هێڵی ئەلترناتیڤی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان لای وڵاتان زیاتربووەتە جێی بایەخ، بۆ نموونە هێڵی نەوتی ڕۆژهەڵات بەرەو دەریای سوور کە سعوودیە ڕایکێشاوە لەم جەنگەدا فریای کەوت و داهاتەکەی بەهۆی جەنگ لە جیاتی ئەوەی کەم بکات زیادی کرد. ئەو وڵاتە زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بە نرخێکی بەرزتر هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات و ئەگەر عێراقیش لە باشوورەوە هێڵی جیاوازی هەبوایە دەیتوانی سوودێکی زۆر لەو دۆخە وەربگرێت.
هێڵی نەوتی کوردستان جەیهان یەکێکە لە هێڵە ستراتیجییەکانی گواستنەوەی نەوت و نەوتی بەرهەمهێنراوی کوردستان دەگوازێتەوە بازاڕەکانی جیهان، هەر لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق بە تانکەر نەوتی لە باشوورەوە بۆ کەرکووک گواستۆتەوە تێکەڵ بە هێڵی نەوتی کوردستانی دەکات و هەناردەی دەکات بەڵام ئەم قەبارەیە هێشتا کەمە و ئەگەر هێڵێکی نەوت لە باشوورەوە بەرەو زاخۆ ڕاکێشرابا دۆخەکە زۆر جیاوازتر دەبوو.
فاتح بیرۆڵ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت بە بڕوای من هێڵی لوولەی بەسڕە-جەیهان پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و پڕبایەخە بە تایبەتی بۆ عێراق و تورکیا و لە ڕوانگەی ئەوروپاش زۆر گرنگە و ئاسایشی وزەی ئەو کیشوەرە دابین دەکات.
فاتح بیرۆل پێی وایە گەرووی هورمز وەک گوڵدانێکی شکاوی لێهاتووە و چاککردنەوەی ئەو گوڵدانە کارێکی ئاسان نییە و بۆیەش پێی وایە هێڵەکە بۆ عێراق پێویستییەکی هەنووکەیی و بۆ تورکیا و ئەوروپاش بە دەرفەتێکی زێڕین دادەنرێت و دەکرێ وەک پڕۆژەیەکی زۆر ستراتیژی لەم بیرۆکەیە بڕوانرێت.
سەرۆکی ئاژانسەکە ڕوونی کردۆتەوە کە پرسی دابینکردنی بودجەکەی شتێک نییە ببێتە بەربەست و کاتێکی گونجاوە قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵدرێت و پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، تێچووی کۆی پڕۆژەکە حەڤدە ملیار دۆلارە بەڵام چاودێرانی ئابووری پێیان وایە دەستکەوت و داهاتی پڕۆژەکە لە داهاتوودا بەرانبەر خەرجییەکانی بنیاتنانی، زۆر زیاترە و سوودێکی زۆر ی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەبێت.