رۆژنامەی ھەولێر

سێ گۆڕی بە کۆمەڵ لە مووسڵ دۆزرانەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سێ گۆڕی بە کۆمەڵ لە ڕۆژئاوای شاری مووسڵ، کە ڕووفاتی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی تێدایە دۆزرانەوە، کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون، تیمە تایبەتمەندەکان بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەستیان کردووە بە ھەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە، تەواوی پاشماوەکان دوای دەرھێنانیان، ڕەوانەی فەرمانگەی پزیشکی داد دەکرێن بە مەبەستی ناسینەوەیان.

ئەم شوێنە سێ گۆڕی بە کۆمەڵ لە ناوچەکانی ئەلھەرامات و موشەیرەفە لەخۆدەگرێت، شوێنەکە دوای شیکردنەوەی وردی وێنە ئاسمانییەکان دیاریکراوە و بەپێی بەدواداچوونەکانمان، ئەم تاوانە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن تاقمە تیرۆریستییەکانی داعشەوە ئەنجامدراوە، بەپێی گەواھیی شایەتحاڵەکان و ئەو پاشماوانەی تا ئێستا دۆزراونەتەوە، قوربانییەکان جلی مەدەنییان لەبەردایە و ژمارەیەکی بەرچاو ژن و منداڵیان لە نێویاندایە.
تیمەکانی پزیشکی دادی ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارچە و ڕووفاتەکانن، بۆ ئەوەی ڕەوانەی تاقیگە بکرێن، ئەمەش وەک ھەوڵێک بۆ کۆتاییھێنان بە چاوەڕوانیی چەندین ساڵەی کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژی داعشدا بێسەروشوێن بوون.
دکتۆر یاسین کەریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی دادپزیشکیی ھەولێر لە شوێنی گۆڕەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: نموونەی ئێسک (سەمپڵ) لە ڕووفاتەکان وەردەگیرێت بۆ پشکنینی DNA، چونکە ١٠٥ خێزانی پێشمەرگە و کەسانی بێسەروشوێن چاوەڕێی چارەنووسی ئازیزانیان دەکەن.
بەڕێوەبەری پەیمانگەی دادپزیشکیی ھەولێر لە شوێنی گۆڕەکان، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شێوازی کۆمەڵکوژکردنی قوربانییەکان کرد و گوتی: ھەموو قوربانییەکان چاویان بەستراوەتەوە و دەستیان لە پشتەوە کۆت کراوە، پاشان بە فیشەکی دەمانچە یان کڵاشینکۆف لە سەریان دراوە، ھەندێکیان لە پشتەوە و ھەندێکیان لە پێشەوە فیشەکیان پێوە نراوە.
لەلایەن خۆیەوە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: بەدڵنیاییەوە ڕووفاتی پێشمەرگە لەنێو گۆڕەکاندا ھەنە، دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان، ڕووفاتەکان بەشێوەیەکی فەرمی و شایستە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.