فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع و تێپەڕاندنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی سازان و هاوبەشی، پشتگوێخستنی جەوهەری شەراکەتی نیشتمانی و پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لەو لێکتێگەیشتنە دەستوورییانەی کە پڕۆسەی سیاسیی عێراقی لەسەر بونیاد نراوە.
فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاندووە: “پۆستی سەرۆک کۆمار و کاندیدی سەرۆک وەزیران، دوو پرسی نیشتمانیی دانەبڕاون و دەبێت وەک یەک پاکێجی تەواوکار، لە چوارچێوەی سازان و دیالۆگێکی جدی و گشتگیردا یەکلایی بکرێنەوە، نەک لە ڕێگەی فەرزکردنی کاندیدەکان بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختە.”
فراکسیۆنەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارەیان لەپێناو پاراستنی ڕێڕەوی دەستووری و دڵنیابوونەوەیە لە بەردەوامیی پڕۆسەی سیاسی، هۆشداریش دەدەن کە هەر هەنگاوێک لە غیابی سازانی نیشتمانیدا، تەنها دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری دیمەنە سیاسییەکە و بەرەو نادیاری دەبات.

